بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کوردستان تیڤی بڵاوی کردەوە لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و داواکاری و مەرجەکانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە لە نیگەرانی و تێبینیەکانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواکاری و مەرجەکانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەکانی عێراقی باسکردووە و ئەمریکا خوازیاری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت.
هەر لەو دیدارەدا مەسعوود بارزانی سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەکانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەکی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەکی نادەستووری شێوازێکی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن کە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی ۲۰۱۴ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵکی کوردستان دەکرێت، ئەویش بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هێماشی بەوەدا کە شەڕی برسیکردنی خەڵکی کوردستانیان کردووە بۆ بێزارکردنی خەڵک. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیرکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەک چەک و ئامرازێک بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەکار دەهێندرێت.
هەر لەو کۆبوونەویەدا مەسعوود بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێک دایە کە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی کوردستان بکات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەکی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێک کە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلایی بکەنەوە. ناشکرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێکهاتەکان و پارلەمانێک پێک بهێندرێت کە نوێنەری پێکهاتەکانی تێدا نەبێت، هاوکات پارتی کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیی تەکنیکی هەیە لەسەر دابەشکردنی کورسیی پارێزگاکان و شێوازی کاری کۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەکات لایەنە عێراقییەکان پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەکاتی پێکهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و هیچ لە خاڵەکان جێبەجێ نەکراون.
مەسعوود بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە گرفتەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە بەڵکوو بڕینی قووت و مووچەی خەڵک و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند ئەگەر هەموو لایەنەکان خوازیاری ئەوە بن کە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەکانی پارتیش بکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد کە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموکراسیدا بێت. هەڵبژاردنێک کە بە ئەجیندای دەرەکی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێکی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەک بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەکات؟
مەسعوود بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەکانی زۆر ڕوونن و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەکانی عێراق کرد کە پاڵپشتی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێک بن.
Your Comment