پێویستمان بە مانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانە

بەشی جیهان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NBCی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ئێستە هەڕەشەکان گۆڕاون و پێویستمان بە مانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەشتی شوباتی ۲۰۲۴، کەناڵی NBCی ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردووەتەوە، سەرۆکی حکوومەت لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی داوە، وەک کورد پێویستمان بە هاوکاری زیاتری ئەمریکایە.

مەسروور بارزانی هۆکاری پێویستيی هەرێمی کوردستانی بۆ پاڵپشتیی زیاتر روونکردووەتەوە بەوەی کە سروشتی هەڕەشەکان گۆڕاون، ئاماژەیشی داوە، "پێمان وایە پێویستمان بە هاوکاری زیاترە لە ڕووی سەربازی، ئابووری و سیاسییەوە، چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەک لەو هەڕەشانەی داعش کە پێکەوە ڕووبەڕوویان بووینەوە" پێشبینی هاوکاری زیاتر دەکەین لە ئەمریکاوە".

سەرۆکی حکوومەت لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە ویستی ئەمریکییەکان کردووە لە بەرانبەر کوردستان و ڕایگەیاند، هاوپەیمانە ئەمریکییەکانمان پێمان دەڵێن دەمانەوێت کوردستانێکی بەهێز ببینین، چۆن؟ واتە پێویستە لە ڕووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە بەهێز بین بۆئەوەی بتوانین لەبەرانبەر هەڕەشەکان خۆمان بپارێزین.

مەسروور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی هەولێرەوە بۆ پەیامنێری کەناڵە ئەمریکییەکە گوتی، وەک دەزانی چەند رۆژێک لەمەوبەر بە درۆن و مووشەک هێرشمان کرایە سەر، توانای ئەوەمان نییە لە بەرانبەریان خۆمان بپارێزین، ئاماژەیشی دا، کە دەڵێین پێویستمان بە هاوکاریی زیاتری ئەمریکایە مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازیی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێک نەک تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵکی خۆمان بکەین، بەڵکوو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بکەین لە هەرێمی کوردستانن.

"ئێمە پێناسەی تیرۆریزم باش دەزانین، گرنگ نییە کێ لە پشت ئەم کردەوە تیرۆریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رێگری لە خودی کردەوە تیرۆریستییەکە بکەین، پێویستە ڕووبەڕووی تیرۆریزم ببینەوە، نەک ئەوەی لە پشتی کردەوەکەوەیە. ئەمە تێڕوانینی منە لەبارەی ئەو هاوئاهەنگی و هاوکارییەی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان هەمانە، بۆ ئەوەش بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە پشتیوانیی ئەمریکایە، بەبێ هاوکاری و پشتیوانی ئەمەریکا زۆر زەحمەت و پڕ ئالنگاری دەبێت". لە چاوپێکەوتنەکەدا مەسروور بارزانی وای گوتووە.

مەسروور بارزانی ئەوەیشی گوت، ئێمە هەموو کات لەبەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریزم بووین، وەک دۆست و هاوپەیمان ئێمەش دەبێت ئەوەندە توانامان هەبێت، پێویستیشمان بە پشتیوانیی ئەمریکایە، سوپای ئەمریکا زۆر پشتیوان و هاوکاری عێراق بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان پێویستە، هیچ کات داوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکامان نەکردووە.

لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەی مەسروور بارزانی هاتووە: "ئەمریکا دەتوانێت و دەکرێت زیاتر بکات لەوەی تەنیا لە کاتی کوژرانی سەربازەکانیدا بە شێوەیەکی سنووردار وەڵام بداتەوە، دەکرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی و چەکی پێشکەوتوو و راهێنانی زیاتر بداتە پێشمەرگە".

News Code 223029

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha