ئەو هێرشانە دەکرێتە سەر هەرێم هەوڵی نەیارانمانە بۆ نەهێشتنی ئەم قەوارەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێک له‌باره‌ی هێرش و په‌لاماره‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بڵاو کرده‌وه‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ته‌نیا به‌ لێدوان و شه‌رمه‌زارکردن کۆتای به‌م هێرشانه‌ نایێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاندووە: "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان‌وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت".

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند "خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و خائینان دەمێنێتەوە".

مه‌سروور بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات".

سه‌رۆکی حکوومه‌تی هەرێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌دا: "گرینگە هەنگاوی کرداری لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتایی‌هێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت".

داواشی لە وڵاتانی دۆست کرد که‌ "ڕێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".

مه‌سروور بارزانی هه‌روه‌ها داوای لە خەڵکی کوردستان کرد که‌ "بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان".

له‌ کۆتاییدا سه‌رۆکی حکوومه‌تی هەرێم گوتی: "داواکارم خوای گەورە هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیروزی کوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن".

News Code 222943

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha