بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جارێکی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەکیەکەی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە کە گوایە بنکەی مووسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە مووشەکە (نقطه زن و کودک زن)ـەکانی خۆیان کردوەتە ئامانج و پەلامارەکە لەدژی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان نەبووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرە کە سەرباری ئەوەی شاندی حکوومەتی عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەکی زۆری میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان کردوە و هەموو لایەک شاهیدی ئەوەن کە پەلامارە مووشەکیەکەی ئێران تاوانێک بووە لە بەرانبەر خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێکۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماکانیان دەکەن و شانازیش بەو تاوانە دەکەن کە لەدژی هاوڵاتیانی بێتاوانی کوردستان ئەنجامیان داوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو، فەرموودەی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) ڕێک ئەو شانازیکردنە دەگرێتەوە کە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەکە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەکەنەوە.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەش کردووە، ئەوەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەکە (نقطه زن و کودک زن - منداڵکوژ)ـەکانی کردی، تاوانێکی گەورە لەدژی هاوڵاتیی ئاسایی هەرێمی کوردستان و کوشتن و بریندارکردنی ژن و منداڵ بوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەروەها ئەو کردەوەیە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و بنەماکانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنەکان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەکردنی هەواڵ و وێنەیەکی دروستکراو پەردەپۆش ناکرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەکەش هەڵناخەڵەتێندرێت.
لە ڕاگەیەنراوی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئەوەش هاتووە، "ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەکیی میدیاکان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەکە ئەوەیە، مووشەکە ورد و (نقطه زن)ـەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر کە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە مووشەکە ورد و (نقطه زن)ـەکانیان تەنیا خەڵکی بێتاوان و بێپەنای هەرێم دەکەنە ئامانج؟ ناوێرن مووشەک بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و مووشەک و چەکی پێشکەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵکی بێ چەک و بێتاوانی کوردستان ئازان.
Your Comment