بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، جارێکی دیکە شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستا کرد، لە وەڵامدا نازم هەرکی، ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوا، بە باسنیوزی ڕاگەیاندووە: هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی کابینەی نۆی حکوومەت، یەکێتی لەگەڵ چاکسازیدا نەبوو، چوونکە چاکسازی گەندەڵییەکانی ئەوانی هەڵدەماڵی، بۆیە بە هەموو توانایان لەمپەریان بۆ چاکسازی دروست کرد، چوونکە بە پلەی یەک تێیدا زەرەرمەند دەبوون، بۆیە بەدەمیەوە نەهاتن، تا بەردەوامیی بە گەندەڵییەکانیان بن.
جەختیشی کردەوە: بۆ شاردنەوەی ئەو گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتییانەیان لە سنووری سلێمانی، پەلاماری حکوومەت دەدەن، پێیان وایە بەم جۆرە سۆزی خەڵک بە لای خۆیاندا رادەکێشن و بۆ شاردنەوەی راستییەکان دەتوانن خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک.
ئەوەشی خستە روو، کە حزبەکەی شێخ جەعفەر سەرەڕای رێگرییەکان لە پرۆسەی چاکسازی، ئەوەی پێیان کرا، بۆ پەکخستنی کابینەی نۆ کردییان، ئەوە بوو کار بەوە گەیشت کە ماوەیەکی زۆر بایکۆتی کارەکانی حکوومەتیش بکەن، بەڵام کە بینییان کارەکان بەبێ ئەوانیش رێچکەی خۆیان گرتووە و دەڕۆن، ئیتر خۆیان گەڕانەوە ناو حکوومەت.
نازم هەرکی، روونیشی کردەوە، کە یەکێتی لەوەتەی هەیە، وەک هاوبەشی حکوومەت مامەڵەی نەکردووەو، بەڵکوو بە رۆژ لەنێو حکوومەتدایە و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بووە، نازانم لەسەر چ بنەمایەک بەم جۆرە مامەڵە دەکەن، ئایا خۆیان دەخەڵەتێنن یان خەڵک؟
قسەکردنی شێخ جەعفەر لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئەو بە داگیرکردن و فرۆشتنەوەی نایاسایی هەزاران پارچە زەوی لە سلێمانی تۆمەتبارە و لەمبارەیەشەوە دوێنێ شەممە ۷ی ۱ی ۲۰۲۳، (باسنیوز) لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی رابردوودا نزیکەی ۱۰ هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی و بە فەرمانی شێخ جەعفەر، بە هاوکاریی (بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ) دابەش کراون و فرۆشراون کە ئەو زەوییانە تاپۆ و بەڵگەی فەرمییان نییە و چەند دەستێکی کردووە و کێشەی گەورەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.
لەمبارەیەشەوە سەرچاوەیەک بۆ رڕوونی کردەوە: ئەو زەوییانە دەکەونە:
۱- پشت گۆڕستانی عەواڵ.
۲- زەوییەکانی بەرامبەر وێستگەی کارەبا کە زیاتر لە پەنجا دۆنمە.
۳- زەوییەکانی بەرامبەر دەرگای پیشەسازیی بەکرەجۆ لە تەنیشت فڕۆکەخانەی سلێمانی.
۴- زەوییەکانی گەڕەکەکانی بیستەکان و تەنیشت دەواجنەکان.
۵- زەوییەکانی کانی گۆمە تاکوو تانجەڕۆ.
۶- زەوییەکانی خوار ناحیەی بەکرەجۆ کە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان ناسراون.
۷- زەوییەکانی گوندی خەلیفاوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی درکاند کە لە ماوەی رابردوودا لێژنەیەکی سەر بە هێزەکانی حەفتا بە فەرمانی شێخ جەعفەر هەفتانە لەناو بارەگای فەرماندەیی گشتی و بارەگای لیوای ۱۰۲ی پێشمەرگە دانیشتنیان هەبووە، واژۆیان لەسەر فۆڕمی زەوییەکان دەکرد کە لە ساڵی ۲۰۱۸وە تاوەکوو ئێستا نزیکەی حەفت هەزار پارچە زەوی بەسەر (پێشمەرگە، کادیر و ئەندامانی یەکێتی) دابەش کردووە.
هاوکات باسی لەوە کرد کە لە مانگی پێنجی ۲۰۲۲ لێپرسراوی مەڵبەندی ۲۰ی قەرەچووغی یەکێتی سەردانی شێخ جەعفەری کردووە لە سلێمانی، بە مەبەستی داواکردنی ژمارەیەک پارچەزەوی بۆ مەڵبەندەکەیان. شێخ جەعفەر ۷۶ پارچە زەویی بۆ مەڵبەندی ئاماژەپێکراو دابین کردووە لە کاتێکدا زەوییەکان تاپۆ نین.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، زەوییەکانی بەکرەجۆ کە کشتوکاڵیین و کوژاندنەوەیان بۆ نەکراوە، هێزەکانی حەفتای یەکێتی ئەو کاتەی شێخ جەعفەر بەرپرسیان بوو، ئەم زەوییانەیان بە موڵکی خۆیان دەزانی، بۆیە نەخشەیان بۆ داناوە و ئیفراز و دابەشیان کردووە. هەروەها ۳۹ پارچە زەویی تریش لە (باوەمەردە) کە لە ماستەرپلان شوێنەکەی خزمەتگوزارییە، بە شێوەیەکی نایاسایی دابەش کراون.
هەروەک باسیشی لەوە کرد کە ۳۶ پارچە زەویی دیکە، بە واژۆی شێخ جەعفەر وەرگیراون و دراون بە (پێشمەرگە، پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن، پۆلیسی نەفت و گاز و پاسەوانی سنوور). ئەمە جگە لەوەی کە دابەشکردنی پارچە زەوییەکان لەسەر بنەمای ناسین و واستەکاری بووە کە ئەو پارچە زەوییانە دەکەونە گوندی ۱۷ی سۆتکە لەپشت بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆ ئەوەی ئەو کارە بازرگانی و نایاساییانە ئاشکرا نەبن، شێخ جەعفەر سەرەتا ژمارەیەک پارچە زەوی دەداتە کەسوکاری شەهیدانی داعش و ئەنفال و پێشمەرگەکان، ئەوانی تر بۆ (ئیدارەی گشتیی یەکێتی و خۆی) دەهێڵێتەوە بە شێوەیەک کە ئەو زەوییانە موڵکی حکوومەتن و لە لایەن خەڵکی گوندەکانەوە خاوەندارێتیی دەکرێن و لەگەڵیان ڕێک دەکەون. بۆ نموونە ئەگەر ڕووبەری زەوییەکە چەند دۆنمێک بێت، ڕێژەی ۱۰%ی بۆ کەسەکە و ئەوی تر بۆ بن دەست شێخ جەعفەر و ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەبێت. ئەگەر تاپۆ نەبێت و موڵکی حکوومەتی نەبێت ئەوکات مامەڵەکانیان لەناو دائیرەکانی سنوورەکە بۆ ئەنجام دەدەن و ۲۵% بۆ کەسەکە و ئەوی تر بۆ خۆیان دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر دەیان جار عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، پەرلەمانتارانی پێشوو، عومەر تۆفیقی پارێزەری کەیسی زانای قایمقام و ژمارەیەکی دیکە لە چالاکوانان لە سلێمانی، باسیان لەو هەزاران پارچە زەوییە کردووە کە لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە سلێمانی داگیر کراون و بە نایاساییش بە خەڵک فرۆشراونەتەوە، تا ئێستاش ئەم هەموو گەندەڵییانە لای (میدیای ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەنی سلێمانی!) و چالاکوانان و کەمپینچییانی ئەو دەڤەرە، جێگەی بایەخپێدان و باسکردن نیین.
Your Comment