KCK: ئیدارەی ئەردۆغان لە هۆکارەکانی هێرشەکەی سەر کرمان بوو!

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە هێرشە خۆکوژیەکەی شاری کرمانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، ئیدارەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وایکرد کە داعش هێرشەکەی کرمان ئەنجام بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیە:

"٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری کرمانی ئێران لە دژی جەماوەرێک کە بۆ یادکردنەوەی سەردار سولەیمانی دەچوونە گۆڕستان هێرشێک ئەنجامدرا و کۆمەڵکوژی گەورە روویدا. لەو هێرشەدا دەیان کەس ژیانیان لەدەستدا و بە سەدانیش برینداربوون. لەسەر ناوی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان، ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لەو کۆمەڵکوژیەدا گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشی لە گەلی ئێران، بە تایبەتی بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەین کە ژیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. لەسەرەتاوە دیاربوو کە هێرشەکە بە مێشکی داعش ئەنجامدراوە و ئێستاش ڕاگەیەندرا کە داعش ئەو کردەوەی ئەنجامداوە. ئەو کۆمەڵکوژیە بە توندی سەرکۆنە دەکەین.

ئەو هێرشە نەک هەر لە بەرامبەر گەلانی ئێران بوو، بەڵکوو هێرش لە دژی تەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا و بەئامانجی قووڵکردنەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. هەربۆیە ئەو هێزانە لە پشت ئەو هێرشەوە کە دەیانەوێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژوارتر بێت. هەندێک لەو هێزانەی کە حەماس و ئیسرائیلیان بەشەڕدا و بەرامبەر یەک وەستاندیاننەوە، بەڵام ئەو ئەنجامەی دەیانویست بەدەستیان نەهێنا، دەیانەوێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر قووڵببێتەوە و بە تەواوی هەرێمەکەدا بڵاوببێتەوە. بۆ ئەوەش هەوڵەکانیان خستووتەگەڕ. ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ قووڵتر بکەنەوە، لە مێژە هەوڵ دەدەن کە دەوڵەتی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا بەشەڕ بدەن. ئەنجامدانی ئەو هێرشە لە ئێران و هاوکاتبوونی لەگەڵ رۆژی یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی، ئامانج و پلانێکی بەو جۆرە دەخاتە بەرچاو. لە رێگەی ئەو هێرشەوە، رووی راستەقینەی ئەو هێزانە ئاشکرابوو کە خۆیان وەک دژبەری شەڕ لە غەززە نیشان دەدەن.

ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن داعشەوە ڕاستی داعش و هێزەکانی پشت داعش و ئامانجەکانیان دەخاتەڕوو. ئەو هێزانەی دەیانەوێت شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵ ببێتەوە، پشتیوانی داعشیان کرد، ڕەوایەتیان بە داعشدا و کردیان بەگژی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە. ئێستا هەمان هێز بۆ هەمان مەبەست وایانکرد کە داعش هێرش بکات. دوێنێ کێ لە پشت داعشەوە بوو، ئەمڕۆ هەمان هێز لە پشتی داعشەوەن و وایانکرد کە داعش هێرش بکات. بزووتنەوەی ئازادیی کورد و گەلی کوردستان دژی فاشیزم و دڕندەیی داعش شەڕیان کرد، داعشیان تێکشکاند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان لە بەڵا و کارەساتێکی گەورە ڕزگار کرد. گەورەترین شەڕی دژ بە داعش لە لایەن گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیی کوردەوە ئەنجامدرا. بۆیە بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان لە دژی داعش و ئەو هێزانەی لە پشت داعشەوەن درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن، هەموو جۆرە هێرشێکی داعش بەرپەرچ دەدەنەوە. ئەم هێرشە هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە لە باکور و ڕۆژئاوا، تورکیا و زۆر شوێنی دیکە لە دژی گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان ئەنجامدران. هەروەک چۆن لە هێرشی کرماندا کرا، لەو هێرشانەشدا راستەوخۆ گەل کرایە ئامانج و سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

ئەو کەسەی داعشی بە گژ کورد و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد، دەوڵەتی تورکیا و حکوومەتی تەیب ئەردۆغان بوو. ئێستاش ئەوە دەوڵەتی تورکیا و حکوومەتەکەی تەیب ئەردۆغانە کە پشتیوانی داعش دەکات و بۆ مەبەستی خۆی بەکاری دەهێنێت. حکوومەتی تورکیا و دەسەڵاتداری تەیب ئەردۆغان دەیانەوێت شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بکەنەوە. هەر بۆیە لە هەموو شوێنێک هێرش دەکەنە سەر کورد، هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی ڕۆژئاوا، کە ئەم هێرشە ئەو راستیە نیشان دەدات. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت و لێی تێبگات. شەڕی کورد بە مانای قوڵبوونەوە و پەرەدانە بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام پلانی ئاشتی و نەهێشتنی شەڕیان هەیە، نابێ لە دژی کوردان شەڕ بەڕێوە ببەن."

لە کۆتایی لێدوانەکەدا کەجەکە جارێکی تر کۆمەڵکوژی کرمان شەرمەزار کرد و بە ڕێزەوە ئەو خەڵکەی لە کۆمەڵکوژیەکەدا گیانیان لەدەستداوە بەبیر هێنایەوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواست و هاوخەمی خۆی بۆ گەلانی ئێرانی دەربری.

News Code 222828

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha