تاکە کاندیدی دەرچووی یەکێتی لە خانەقین بە ڕەگەز عەرەبە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە زیاتر لە ۵۰ کاندیدی کورد لە قەزای خانەقین، تەنها کاندیدێکی یەکێتی دەرچووە کە بەڕەگەز عەرەبە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی دەنگدەرانی قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە کوردن، بەڵام ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی کاندیدی ژمارە ۵ی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە تەنها کورسییەکەی کوردی بردەوە و پێش ۵۲ کاندیدی تری کورد کەوت.

ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا، هۆکاری سەرکەوتنی بەسەر کاندیدەکانی تر بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە پێشتر خزمەتی خانەقینی کردووە.

ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی ڕایگەیاندووە: "ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی خانەقین بووم، هەندێک ئیشی سادەم بۆ خانەقین کرد. پێشتر تاقیکراومەتەوە لەلایەن خانەقینییەکانەوە، بۆیە من کورسییەکەی یەکێتیم بەدەستهێنا، مەرجەعی منیش یەکێتی نیشتمانییە."

ئەو وتیشی، "خانەقین شاری ڕۆشنبیرانە و جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب ناکات. مام جەلالیش سیمبولی عێراقییەکان بوو بە بێ جیاوازی، منیش خۆم بە قوتابی مام جەلال دەزانم."

ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی لە بنەڕەتدا خەڵکی قەزای شارەبانە، بەڵام لە ساڵی ۲۰۰۷ەوە لە خانەقین نیشتەجێ بووە. لە ساڵی ۲۰۲۰ بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکی شارەوانی خانەقین بووە، دواتر پۆستەکەی لێوەرگیرایەوە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەوس ئەلمەهداوی توانیویەتی ۳ هەزار و ۴۴۲ دەنگ بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا سەباح کەریم سەرۆکی لیستی یەکێتی ۲ هەزار و ۲۳۰ دەنگی هێناوە.

ئەوس ئیبراهیم دەڵێت، "کیبەرکێ لە پارێزگای دیالە لەنێوان حزبەکان و کاندیدەکانیش بەهێزبوو، بەڵام من کورسییەکەم بردەوە. یەکێتی وەکو چەپکە گوڵ وایە و هەموو پێکهاتەیەکی تێدایە، من پێشمەرگەی مام جەلالم."

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، ئەوس ئیبراهیم گرتەی ڤیدۆیی خۆی لە نێو شەقامەکانی خانەقین بڵاودەکردەوە، کە ڕەخنەی لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لە خانەقین و خراپی ڕێگەو بانەکان دەگرت.

هەروەها لە شوێنە گشتییەکانی خانەقین ئاڵای کوردستانی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد و سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکرد، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئەو وێنانەی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتی گرتوونی سروودی نەتەوەیی کوردی دادەنا.

جگە لە لیستی یەکێتی نیشتمانی کە ۳۰ کاندیدی هەبوو، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ۱۵ کاندید و لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش بە ۴ کاندید بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەیان کرد، ئەمە جگە لە دوو کاندیدی کورد لە لیستی ئەساس بەسەرۆکایەتی محسن مەندەلاوی و کاندیدێکی تری کورد لە لیستی بەدر.

هیچکام لە کاندیدە کوردەکان نەیانتوانی کورسی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەدەست بهێنن.

لە نێو کاندیدانی دەرنەچوو چەند ناوێکی دیار هەن، لە نێوانیان عیماد ئەحمەد کە بە کەسێکی نزیک لە مەلا بەختیار هەژمارد دەکرێت، هەرچەندە ئەو بەفەرمی پاڵپشتی نەکردووە. یەکێکی تریش لە کاندیدەکان دلێر سایە قایمقامی قەزای خانەقین بوو.

سەباح کەریم، سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لەبارەی هۆکاری دەرچوونی کاندیدێکی بەڕەگەز عەرەب لە نێو لیستێکی کوردیدا کە زۆربەی دەنگدەرەکانیان کوردبوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوس بە ناوی یەکێتییەوە قسە دەکات و لێدوانی دژی لایەنە عێراقییەکان دەدا. خۆی بە کورد و یەکێتی دەزانێت، عەشیرەتەکەشی هەموویان هاتن و دەنگیان پێدا."

قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە ۶۷ هەزار دەنگدەری تێدابوو، ئەمە جگە لە دەنگدەری کورد لە ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، مەندەلی، جەبارەو قەرەتەپە. بەڵام لەو ۶۷ هەزار دەنگە ڕێژەی بەشداریکردن ۴۹%بوو، بۆیە لیستە کوردییەکان لە کۆی ۱۵ کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە تەنها یەک کورسییان بردەوە.

لەبارەی هۆکاری کەمی رێژەی بەشداری دەنگدەری قەزای خانەقین، سەرۆکی لیستی یەکێتی دەڵێت، "رێژەی بەشداری لە پارێزگای دیالە بە گشتی کەمبوو، دەچووینە لای خەڵک بۆ دەنگدان، خەڵک دڵگرانبوون، دەیانگوت موچەمان نییە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە عیماد ئەحمەد کاندیدی یەکێتی کە بەرپرسی فەوجێکی پۆلیسە و بە نزیک لە مەلا بەختیار دادەنرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، مەلا بەختیاری کارگێڕی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لەو پارێزگایە دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ناوبراو تەنها دوو پەیامی بڵاو کردەوە. پەیامێکیان لە ڕۆژی ۱۴/۱۱/۲۰۲۳ و چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردن بڵاویکردەوە، داوای لە خانەقینییەکان کرد بەشداری هەڵبژاردن بکەن. پەیامی دووەمیشیان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا جەختی لەسەر پەیامەکەی پێشووتری کردەوە.

بەهۆی نیگەران بوونی مەلا بەختیار لە یەکێتی لە دوای کۆنگرەی ۵ ی حزبەکەی، یەکێتی نیشتمانی لەم هەڵبژاردنەدا سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە خانەقین و ناحیەکانی دەوروبەری بە خەسرەو گوڵ محەمەد سپارد، کە ناوبراو خەڵکی ناوچەی خانەقینە و ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسییە.

ئەمیر خانەقینی، چالاکوانی مەدەنی لە قەزای خانەقین، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەوس ئیبراهیم، کە کاندیدی بەڕەگەز عەرەبی یەکێتی بوو، لە هەموو کاندیدە کوردەکان دەنگی زیاتری هێنا، چونکە کاتێک سەرۆک شارەوانی بوو خزمەتی باشیکرد."

ئەو وتیشی،"خەڵکی خانەقین لەسەر بنەمای خزمەت دەنگیدا نەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی. دەرچوونی کاندیدە عەرەبەکەش ئاماژەیە بۆ شکستهێنانی گوتاری نەتەوەیی حزبە کوردییەکان."

News Code 222717

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha