عێراق و تورکیا هەوڵ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری ئاسایش و هەواڵگریدا دەدەن

بەشی تورکیا- وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی کۆ بووەوە و بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و عێراق و شاندی هەردوولا، ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن و شاندەکانیان کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی هەردوولا، رۆژی ۱۹-۱۲-۲۰۲۳ لە ئەنقەرە کۆ بوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی مژارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی ئەمنی، بابەتی ئاو و پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا لایەنەکان کۆک بوون لەسەر بەرەوپێش‌بردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە هەموو ڕوویەکەوە، بە جۆرێک پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و دامەزراوەیی باشتر بکرێن. هەروەها لەمبارەیەوە ویستی سیاسیی خۆیانیان خستەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یەکێتیی سیاسیی عێراق، سەروەری و یەکێتیی خاکەکەی کرایەوە. لایەنەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هەردوو وڵات، باسیان لەو هەڕەشانە کرد کە پەکەکە دروستی‌کردوون.

لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەکرێت بەرەوپێشچوون لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، گواستنەوە و گەیاندن، ژێرخان و زۆر بابەتی دیکەدا بکەن. لەم نێوەندەدا ڕاوێژ لەبارەی ئەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە چیی زووە بۆ پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بنرێن کە رۆڵی گرنگی بۆ گەشەپێدانی عێراق هەیە. هەردوولا باسیان لەو دۆخە سەختە کرد کە ناوچەکە لەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی ئاو پێیدا تێدەپەڕێت؛ هەروەها بریار لەسەر بەردەوام‌بوونی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا درا.

شاندی کۆماری تورکیا و شاندی کۆماری عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە دیدار و کۆبوونەوەی رێک و بەردەوامی بێ پچڕانەوە لەبارەی ئەو بابەتانە.

News Code 222701

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha