داوای کشانەوەی کورد له ‌په‌رله‌مان ‌و حکوومەتی عێراق دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکردەیه‌کى پێشووی یەکێتی په‌یامێک ئاراسته‌ى سه‌رۆکى پارتى دەکات که‌ خۆی بچێت بۆ بەغدا بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ی ئێستاى نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا و ده‌شڵێت گەر ڕێککەوتن ناکرێت با کورد لە حکوومەت ‌و پەرلەمان بکشێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌هرۆز گه‌ڵاڵى سه‌رکرده‌ى پێشووى یه‌کێتى له ‌وتارێکدا که‌ لە شارپرێس بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات: "هه‌موو ڕۆژ لێدان له‌ فڕۆکەخانەی هه‌ولێر و هه‌ریر ته‌نها لێدان نییه له ‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئه‌مریکا، به‌ڵکوو سیاسه‌تێکی دوژمنانەی پشتی پەردەی حکوومەتی ئێستای به‌غدایە، لێدانی ڕاستەوخۆی هەرێمەکەمانە و لێدانیشە له‌ سیاسه‌تى کوردی، هەموو ڕۆژ پەلاماردانی هەولێر لەلایەن ئەم گرووپانەوە به‌غدا بەم سیاسەتەی دەیەوێ فڕۆکەخانەی هەولێریش به‌دەردی مەتاری سلێمانی ببات، فڕۆکەخانەی هەولێریش به‌ یه‌کجارى دابخه‌ن، پەیوەندی هەرێمیش به‌دەرەوە به‌ته‌واوى ببڕن".

گه‌ڵاڵى نووسیویه‌تى، "سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی کاک مەسعوود بارزانی، هەقە ئەم ئیهانه‌ی بەغدا چیتر قبووڵ نه‌کات یان به‌ته‌واوى له ‌حکوومەت ‌و په‌رله‌مانی به‌غدا کورد بکێشتەوه یان خۆیى ‌و سه‌رکردایه‌تى کورد بڕۆن بۆ به‌غدا و قسه‌ى جدى کوردیان لەگەڵ بکات ‌و چیتر ئه‌م ئیهانه‌کردنه هه‌موو ڕۆژێ به‌کورد قبووڵ نه‌کات".

سه‌رکرده‌که‌ى پێشووى یه‌کێتى ده‌ڵێت: "پرسیارێک ده‌که‌م ئایا به‌رژه‌وه‌ندیى‌ و هێزى ئه‌مریکا، به‌س له ‌هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر و فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ریر هه‌یه؟ تا ئه‌و هێزانه‌ى که له‌پشتى حزبه‌کانى ناو په‌رلەمانی عێراقن بە شیعە و سونەوە هه‌موو ڕۆژێ درۆن ‌و داعش بنێرنە سەر پایتەختی هەرێم ‌و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان؟ بەڕای بەندە نەخێر، به‌ڵکوو به‌غدا لەڕێگه‌ی ئەم گرووپانەوە ده‌یه‌وێ به ‌به‌هانه‌ى بوونى هێزى ئه‌مریکا له ‌هه‌ولێر و هه‌ریر، هه‌رێم ‌و حکوومەته‌که‌ى زیاتر له ‌قاڵب بدات! بگره گه‌ر بۆى بکرێت هەرێمیش هه‌ر نه‌هێڵێ".

باسى دادگاى فیدراڵى کردووه ‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌: "ئه‌وه‌تا دادگاى فیدراڵى په‌کى پەڕله‌مانه‌که‌ى خستووین ‌و حکوومەته‌که‌ى شه‌له‌ل کردووین‌ و نه‌وته‌که‌ى ڕاگرتووین (گه‌رچى من قه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته فاشیله‌ى ئابوورى سه‌ربه‌خۆ نه‌بووم‌ و ناشبم، هه‌ر له ‌بیدایه‌ته‌وه‌ له‌دژى وه‌ستامه‌وه، سیاسه‌ته‌که‌ى منیش ده‌رباره‌ى فرۆشتنى نه‌وت لە ئەنجامدا دروست ده‌رچوو) بێ‌گومان زۆریش نه‌ماوه دادگاى فیدراڵی بڕیارێک ده‌ربکات‌ و بڵێ کاک مه‌سعوود بارزانیش ده‌بێ له‌ سیاسه‌ت دوور بکه‌وێته‌وه‌ و هێزێکیش لەدژی سه‌رکرده‌کانى ئه‌مڕۆى یه‌کێتیش ڕاست بکاته‌وه، به‌ڕاستی نازانم، پارتى به ‌پشتیوانى خه‌نجه‌ر و حه‌لبووسى، یه‌کێتیش به ‌پشتیوانى خه‌زعه‌لى‌ و ڕه‌ییان کلدانى به‌وانه ده‌مانه‌وى هه‌رێم بپارێزن".

ئه‌وه‌شى به‌بیر هێناوه‌ته‌وه‌، "پێویستە بێتەوە بیرمان جاران مام جه‌لال‌ و کاک مه‌سعوود مه‌رجه‌عى نەتەوەیی‌ و ته‌نانه‌ت عێراقیش بوون ‌و له ‌به‌غدا، دانوستانیان بۆ کورد و عه‌ره‌ب‌ و بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراقیش ده‌کرد؟ که‌چی ئه‌مڕۆ دادگاى فیدراڵى بۆته مه‌رجه‌عى کورد، دانوستانکارەکانیشمان له‌نێوان کورد و به‌غدا ئەمڕۆ بۆتە هەندێ فەرمانبەری پلە سێ، له‌ سەرۆکایەتی وەزیرانی هه‌رێم ئەرێ ئەمە چ سیاسەتێکە؟ ئەرێ لەخۆمان نەپرسین داخوا کێشەکەمان بۆ دواوە نەگەڕاوەتەوە؟".

هه‌روه‌ک جه‌خت ده‌کاته‌وه‌، "بەڕاستی کاتى ئه‌وه‌یه کاک مه‌سعوود بارزانى جووڵەیەک بکات ‌و بڕواته به‌غدا و دوو قسه‌ى جدى له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات، حکوومەتى به‌غدا له‌سەر سێ پایە وەستاوە، شیعە و سونە و کورد، لەگەڵیان رێککەوت زۆر باشە و پیرۆزە، ڕێکیش نه‌کەوت با بڕیارێکی جەسوورانە بدەن ‌و کورد لە سیاسەتی بەغدا بکشێتەوە و با لە حکوومەت‌ و پەڕلەمان بینە دەرەوە، کۆتایی دونیاش نایەت! بابزانین بەبێ کورد بەغدا دەتوانێ چی بکات؟ چوونکه حکوومەتى ئێستای به‌غدا، به‌ده‌ستى ئه‌م وڵات ‌و ئه‌و وڵات  دەجووڵێ".

له ‌کۆتایی وتاره‌که‌یدا گه‌ڵاڵى جه‌ختی کردۆته‌وه‌: "پێم‌وایه حکوومەته‌که‌ى سوودانى له ‌هه‌موو حکوومەته‌کانى تر به‌رامبه‌ر کورد خراپتره، چوونکه ئه‌وانى تر به‌ئاشکرا و به‌دزى دژمان بوون، که‌چى سوودانى به‌هێمنى‌ و له‌سه‌رخۆ به‌هۆى ئه‌م دادگا نادرووسته به‌که‌یفى خۆى کورد له ‌مافه‌کانى خۆى بێ‌به‌رى ‌و بێ‌بەش ده‌کات، خۆی وەک دۆست نیشان دەدات، به‌ڵام دڵنیام ئەجێندای ئیتار جێبه‌جێ دەکات، ئەی باشه بۆ نایه‌ت ماده‌کانى په‌یوه‌ست به ‌ته‌عریب جێبه‌جێ بکات؟ بۆ نایه‌ت کێشه‌ى پێشمه‌رگه چاره‌سه‌ر بکات؟ بۆ هه‌موو ڕۆژ ده‌رباره‌ى مووچه گاڵته به ‌کورد ده‌کات؟ پێم‌وایە ئەم حکوومەته‌ى ئێستاى به‌غدا خراپترین کابینەیە تاکوو ئەمڕۆ به‌رامبەری کورد، چوونکە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی ‌و شیعە دەربارەی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌کات".

News Code 222643

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha