بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "چارەنووسی هەڵبژاردن و کورسی پێکهاتەکان" دەنووسێت: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبوو لە ڕۆژی ۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۲دا بەڕێوەبچێت، بەهۆی ناکۆکی پارتی و یەکێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، ئەم هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا نەکرا.
دواکەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی ناچارکرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربکات و وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، کۆتاییەکانی ئازاری ئەمساڵ سەرۆکی هەرێم مەرسومی دووەمی دەرکرد و رۆژی ۹ی تشرینی یەکەمی ۲۰۰۲ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریکرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەکەم، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن، بەتایبەتیش پارتی و یەکێتیی.
لە پرسی دواکەوتنی هەڵبژاردندا، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتیی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بوو، ئەم ناکۆکییە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە و ڕەنگە دواجار سەربکێشێت بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن لە کوردستان دوابکەوێت، کە بڕیارە ۲۵ی شوباتی ۲۰۲۴ بەڕێوەبچێت.
"کۆتا" بەواتای تەرخانکردنی ڕێژە یان ژمارەیەک کورسی دێت بۆ پێکهاتەیەکی ڕەگەزیی یان نەتەوەیی و ئاینیی لە پەرلەمان و ئەنجومەنە لۆکاڵییەکان، ڕێوشوێنێکی کاتییە و ئامانج لێی ئەوەیە گرەنتی بەشداری پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی بکرێت لە بەشداریکردن لە بڕیاردا لە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو.
تورکمان و ترسی دابەشبوونی کورسییەکان
ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە سەربە بەرەی تورکمانی-یە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کرد، تێیدا دژایەتی پێکهاتەکانی بۆ دابەشکردنی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.
ئایدن مەعروف دەڵێ "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەسەر بنەمای جوگرافی دابەش بکرێت، چوونکە لە کوردستان پێکهاتەکان وەکوو نەتەوە کورسی کۆتایان بۆ تەرخان کراوە نەک وەکوو ئایین".
نیسانی ئەمساڵ کاتێک دانوستانی پارتی و یەکێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕ بووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەش کردنی ۱۱ کورسییەکەی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا ئەوکات پارتی و یەکێتیی رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکییە، نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداری لە دانوستانەکانی پارتی و یەکێتیدا دەکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازی ئەوەی کرد کورسییەکی پێکهاتەی تورکمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی کفری، بەڵام نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان ئەم پێشنیازەیان ڕەت کردەوە.
مەترسی سکاڵاکەی یەکێتیی لە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ تورکمانەکان هەرلەوەدا نییە کورسی "کۆتا"ی تورکمان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت، مەترسییەکە ڕەنگە سەربکێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی "کۆتا"ی تورکمانەکان، بۆیە هێزە نەریتییەکانی ناو ئەم پێکهاتەیە بەمدواییە هەوڵەکانیان چڕ کردوەتەوە بۆ رێگریکردن لەم ئەگەرە، تەنانەت لەگەڵ باڵیۆزی تورکیاش گفتوگۆیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە.
پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، جگە لە ۵ کورسی "کۆتا"ی پەرلەمان، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا پۆستێکی وزارییان وەرگرتووە کە پۆستی وەزیری هەرێمە بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئایدن مەعرووف پۆستەکە بەڕێوەدەبات.
تورکمان لە کوردستان
لەسەر ئاستی عێراق تورکمانەکان وەکوو پێکهاتەی سێیەم لەدوای عەرەب و کورد ئەژمار کراون و کورسی "کۆتا"یان لە پەرلەمان بۆ تەرخان نەکراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وەکوو پێکهاتەی دووەم ئەژمارکراون، بەڵام ۵ کورسی "کۆتا"ی بۆ تەرخان کراوە.
بەپێی قسەی هەندێک لە بەرپرسانی ئەم پێکهاتەیە، ژمارەی تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان ۳۵۰ بۆ ۴۰۰ هەزار کەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە ۳ ملیۆن کەس.
ئەگەر ئەم ژمارانە دروست بن، وەکوو بەرپرسانی تورکمانی دەڵێن، مافی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە ۵ کورسی "کۆتا"، ڕەنگە ئەمە هۆکارەکە بێت کە هەندێک کە کارەکتەرە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان خۆشیان دژی کورسی "کۆتا"ن و پێیانوایە ئەگەر لە دەرەوەی "کۆتا" بەشداری هەڵبژاردن بکەن و ڕیزەکانی خۆیان یەکبخەن، ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان زیاتر دەبێت و سەرباری ئەمەش لەژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەکان دێنە دەرەوە.
وەکوو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێ: زۆرینەی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێردا نیشتەجێن، بەشێکی تریان لە سنووری قەزای کفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، واتە تورکمانەکان دابەش بوون بەسەر هەردوو زۆنی دەسەڵاتدارێتی و پارتی و یەکێتیشدا و کێشمەکێشی ئەم دوو حزبەش لەسەر کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە، بەهۆی ئەم ململانێ سیاسییە و نەبوونی سەرژمێری گشتی، تورکمانەکان قەبارەی خۆیان لەبیرکردووە و هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی ئەم پێکهاتەیە مانەوەی کورسی "کۆتا" بە زەمانەت دەزانن.
یەکێتیی لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیەوێت لەکۆی ۵ کورسی "کۆتا"ی تورکمان، ۲ کورسی بدات بە قەزای کفری کە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ۵۸ هەزار کەس لە قەزای کفریدا نیشتەجێن، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە کە ژمارەی تورکمانەکان لە قەزای کفری دەستنیشان بکات، بەڵام بەپێی ئامارێکی بەرەی تورکمانی ۸۰۰ خێزانی تورکمان لە کفریدا هەن، بەڵام لەدواین هەڵبژاردندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ کاندیدی تورکمانەکان لەم قەزایە کە خاتونێک بوو بەناوی بسن جیهاد محەمەد لە بەرەی تورکمانیی، تەنیا ۳۳۴ دەنگی بەدەستهێنا.
سەرباری ئەمەش، بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی تر کە درەو بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئێستا ژمارەی تورکمانەکان لە قەزای کفری نزیکەی ۲ هەزار کەس دەبێت کە دابەشبوون بەسەر نزیکەی ۴۵۰ خێزاندا.
هاوشێوەی قەزای کفری، لە سەنتەری شاری هەولێریش ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی تورکمانەکان لەبەردەستدا نییە، ئەوەی دەوترێت زیاتر ژمارەیەکی سیاسییە، چونکە سەرژمێری نەکراوە و پێکهاتەکان تۆماری تایبەت بەخۆیان نییە.
مەسیحییەکان لە کوردستان
ئەوە هەر لایەنە تورکمانییەکان نین کە دژی دابەش کردنی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکانن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، هەندێک لە لایەنە مەسیحییەکانیش دژی ئەم دابەشکردنەن.
ڕۆژی ۲۴ی مانگی رابردوو، جینان جەبار بۆیا کە ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا کردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سکاڵاکەی یەکێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو.
ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان وەکوو پێکهاتەی مەسیحی شێوازی فرە بازنەیی هەڵبژاردنیان قبووڵ نییە و وتی: "یەکێتیی داوایکردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت، وایان دابەشکردووە پێنج کورسیی مەسیحییەکان بەشێوەیەک دابەش بکرێت کە دوو کورسی بۆ سلێمانی، دوو کورسی بۆ دهۆک و یەک کورسی بۆ هەولێر بێت".
جینان جەبار بۆیا دەشڵێت: "لە سلێمانی ۱۲۰ خێزانی مەسیحی هەیە، ڕەنگە لەو ژمارەیە ۶۰ خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیکە ئاوارەن، بەڵام لە عەنکاوە هەولێر چوار هەزار خێزانی کلدانی هەیە، ناکرێت بۆ ۱۲۰ خێزان دوو کورسی تەرخان بکرێتو لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنکاوە یەک کورسی تەرخان بکرێت، جگە لە قەزاکانی شەقڵاوەو کۆیە کە ژمارەیەکی زۆر مەسیحی لەوێش هەن.
بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێستا لە عێراق کەمتر لە ۲۵۰ هەزار مەسیحیی هەن، نزیکەی ۲۰۰ هەزار کەسیان لەناوچەکانی دەشتی نەینەوا و هەرێمی کوردستاندا دەژین.
رێژەی ۶۷%ی مەسیحییەکانی عێراق کلدانی کاسۆلیکن، کە کلێساکانیان لە ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەکاندا پەیڕەوی نەریتی خۆرهەڵاتی دەکات، بەڵام دان بە دەسەڵاتی پاپای ڤاتیکاندا دەنێت، ئەمە لەکاتێکدایە رێژەی ۲۰%ی مەسیحییەکانی عێراق سەربە کلێسای ئاشورییەکانن کە لە کۆنترین کلێساکانی عێراقە، ئەوەی دەمێنێتەوە سەربە سریانی ئۆرسۆدۆکسو سریانی کاسۆلیکو ئەرمەنی کاسۆلیکو ئینجیلییەکانو پرۆتستانت-ن.
مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان جگە لە ۵ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان، پۆستێکی وزاریشیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا پێدراوە کە پۆستی وەزری گواستنەوەو گەیاندنەوە ئانۆ جەوهەر لە پۆستەکەدا دانراوە.
"کۆتا"ی پێکهاتەکان لەبەردەم دادگادا
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین دانیشتنی دادبینی لەبارەی ئەو سکاڵایە بەڕێوەبرد کە یەکێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردووە.
دادگای فیدراڵی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردبوو بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەچوو، چۆن کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دابەشدەکات بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.
بەر لەدەستپێکردنی دانیشتنی دادگا، وەڵامی دادگا گەیشتە میدیاکان، بەپێی وەڵامەکە، کۆمسیۆن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانو ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارەی ۱۲ی ساڵی ۲۰۱۸ی هەموارکراو، دەیەوێت هەرێمی کوردستان بکات بە سێ ناوچەی هەڵبژاردنو ۱۱۱ کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشبکات بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا:
• پارێزگای هەولێر: ۳۸ کورسی بەردەکەوێت.
• پارێزگای سلێمانی ۴۵ کورسی.
• پارێزگای دهۆک ۲۸ کورسی.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ۱۱ کورسییەکەی "کۆتا"ی پێکهاتەکانیشی بەمشێوەیە دابەش کردووە بەسەر بازنەکاندا:
• پارێزگای سلێمانی: ۴ کورسی "کۆتا"ی بەردەکەوێت، ۲ کورسی تورکمان و ۲ کورسی مەسیحی.
• پارێزگای هەولێر: ۴ کورسی "کۆتا"ی بەردەکەوێت، ۲ کورسی تورکمان و ۲ کورسی مەسیحی.
• پارێزگای دهۆک: ۳ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکانی بەردەکەوێت، ۱ کورسی تورکمان و ۱ کورسی ئەرمەن و ۱ کورسی مەسیحی.
Your Comment