بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە لە ڕاگەیەندراوێکیدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند: لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی پۆلەندا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە دیداری بارزانی، و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆلەندا لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها کونسوڵی پۆلەندا دڵخۆشیی خۆی نیشاندا بۆ ئەو پێشڤەچوونانەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینیوە و ستایشی ڕۆل و پێگەی بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، هەروەها ستایشی خۆڕاگری و تێکوشانی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و نەهامەتیانەی لە ڕابردوودا بەسەریاندا هاتووە.
لای خۆیەوە بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی پۆلەندا لە هەولێر کرد و پشتیوانیی خۆی و هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی پەیوەندی دوولایەنە. هەروەها بارزانی باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە لە ڕابردوودا بەسەر گەلی پۆلەندا دا هاتوون، بەڵام بە یەکگرتوویی و تێکۆشانیان توانیان بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن و بگەن بە ئەمڕۆ کە پۆلەندا بوەتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوڕوپا و جیهان.
دۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتیی و مێژوو و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، و باسکردن لە سروشت و دیمەنی جوانی ناوچەکانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.
Your Comment