بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوڵستان کلچ کۆچگیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا له په‌رله‌مانی توركیا، ڕایگه‌یاند: "دەمانەوێت هەنگاوبنێین، پێشبکەوین و خواستمان قۆناغ و سەردەم تورکیایەکی نوێیە".
هه‌روه‌ها ئاماژەی بەو خاڵە سەرەکیانە کرد کە لە ڕاپۆرتەکەی دەم پارتی لە کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەییەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و وتی، "ئاشتی تەنها بە ڕاوەستاندنی شەڕ نایەتەدی، ئامانجی بنەڕەتی ئاشتییەکی پۆزەتیڤە لەسەر بنەمای یاسایەکی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سیاسەتی سەد ساڵەی دەوڵەت کۆتایی هاتووە، کاتی ئەوەیە ئاوەزی دیموکراتیکانە ڕۆڵ بگێڕێت، دیموکراتیزەبوونی تورکیا پەیوەست بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە، لێکدانەوە و پێناسەکردنی دروستی پرسی کورد ئاشتی لەگەڵ خۆی دێنێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕوونیشیكرده‌وه: "پرەنسیپی هیوا لە ئاستێکی چارەنووسسازدا گرنگە، ئەوەش بە یاسای ئەنتێگراسیۆن دێتە دی، پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسی مافی کەلتور، زمانی دایک و هاووڵاتیبوونی یەکسانە".
په‌یوه‌ست به دۆخی سووریا، وتی: "داینامیکی ناوخۆیی سوریا هەیە، پێکهاتەی خۆی هەیە، ئێمەش لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ پرۆسەکەی سوریا دەکەین، چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە سەقامگیری و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سووریادا بەدی بێت. هەربۆیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ۱۰ـی ئادار، دەبێت هەمووکەسێک لە نێو هەوڵداندا بێت".
وتیشی، "دەبێت تورکیا بەتایبەتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەشدارییەکی ئەرێنی لە پرۆسەکەدا بکات، لە دۆخێک‌دا بێت کە ڕێگری لە شەڕ بکات و ڕێگری لە ڕوداوی نەرێنی بکات".
له ۲۷‌ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری له توركیا ده‌ستیپێكردوه، دوای ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان په‌یامێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكرده‌وه و داوای خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له په‌كه‌كه كرد، له‌وه‌ڵامی ئه‌و داوه‌یه‌دا په‌كه‌كه خۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و دواتریش هێزه‌كانی له باكوری كوردستان كشانده‌وه.
Your Comment