بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە چوارچێوەی ١٦ھەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکاندا، کورتوڵموش لە ھۆڵی ڕێوڕەسمی پەرلەمان، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان و باڵیۆزانی یاوەری کرد، لە گوتارێکیدا کە لە دیدارەکەدا پێشکەشی کرد، کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد کۆنفرانسەکانی باڵیۆزەکان زەمینەی ڕاوێژکاری لە سیاسەتی دەرەوەدا دروست دەکات و، ھیوای بەردەوامبوونی خواست.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی کورتوڵموش ڕایگەیاند: "پشتیوان بە خودا ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێدەھێنرێت. ئەمجارە ئێمە دەیبەینەوە. ئەمجارە تورکیا دەیباتەوە. ئەمجارە ئیمپریالیستەکان و بووکەڵەکانیان نایبەنەوە. بە ھەر شێوەیەک بێت بە پشتیوانی خودا تورکیا دەیباتەوە، گەلەکەمان دەیباتەوە و تیرۆر بۆ ھەتاھەتایە لە ڕۆژەڤی تورکیادا نایھێڵین".

کورتوڵموش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا لە "دیپلۆماسییەتی سەرکردایەتی"دا بووەتە نموونە و وتی: بەرەنگاربوونەوەی PKK بەتریلییۆنان دۆلار زیانی لە تورکیا داوە و "تورکیا بە کەسایەتی بەڕێز سەرکۆمارمان ئەمڕۆ یەکێکە لەو چەند وڵاتەی جیھان کە دیپلۆماسییەتی سەرکردایەتی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکات. ھەموومان دەزانین چۆن چەندین کێشەی سەخت بەھۆی سەرکردە و بەھۆی تایبەوتمەندیی و کەسایەتیی بەھێزی سەرکردەکەوە چارەسەر کراون".

ڕاشیگەیاند: "ئیدی تورکیا ناتوانێت شوێنەوار و پاشکۆی ھیچ ناوچە و وڵاتێک بێت، یان وەک 'پاشکۆ'ی ھیچ پەیماننامەیەک بوەستێت. وەک ھەموو کات گوتوومانە، ئاڕاستەی تورکیا نە ڕووی لە ڕۆژھەڵاتە و نە تەنیا ڕووی لە ڕۆژئاوایە".
Your Comment