بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بهگوێرهی ڕاگهیهندراوێكی نووسینگهی جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێم، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاروبارەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئاسانکاریکردن بۆیان تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکوومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات، لە بەرامبەریشدا کونسوڵی گشتیی ئێرانیش ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کارئاسانی کردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی وتوویهتی: "هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن"، وتیشی، "بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە رێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروست ببێت کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لە کەرکووک کرا، هەردوولا هیوایان خواست پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا تەواو ببێت.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی کەرکووکیش ڕایگەیاند: "ئێستا لە کەرکوک جیاوازی دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکان دۆخێک بێتە ئاراوە کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بکرێن".
Your Comment