پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەهێز دەکرێت

بەشی ئێران- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگه‌ڵ نەسروڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، كۆ بووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاروبارەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئاسانکاری‌کردن بۆیان تاوتوێ کران.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکوومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات، لە بەرامبەریشدا کونسوڵی گشتیی ئێرانیش ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کارئاسانی کردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی وتوویه‌تی: "هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن"، وتیشی، "بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە رێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروست ببێت کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لە کەرکووک کرا، هەردوولا هیوایان خواست پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا تەواو ببێت.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی کەرکووکیش  ڕایگەیاند: "ئێستا لە کەرکوک جیاوازی دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکان دۆخێک بێتە ئاراوە کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بکرێن".

News Code 222598

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha