دۆخی ناوچەکە وادەخوازێت کورد یەکگرتوو بێت/ یەکێتی دەستی تەبایی بۆ لایەنە کوردستانییەکان درێژ دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی یەکێتی لەبارەی هەیکەلی نوێی حزبەکەی کە لە کۆنگرەی پێنجەمدا پەسەند کرا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: سەبارەت بە هەیکەلی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە کۆنگرەی پێنجەم بڕیاری لێدراوە ئەم هەیکەلە بۆ ئەوەیە کە هەیکەلێک بێت گونجاو لەگەڵ هەلومەرج و بارودۆخی ئێستای هەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەم دۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەکەیش بەگشتی.

کوردپرێس

لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەم حزبە وەڵامی پرسیارەکانی کوردپرێسی لەبارەی ئامانج و بەرنامەکانی یەکێتی پاش کۆنگرەی پێنجەم دایەوە و ڕایگەیاند: مەبەستی سەرەکیشمان ئەوەیە کە یەکێتی بتوانێت خۆی کۆ بکاتەوە و خۆی ڕێکبخاتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە یەکێتییەکی بەهێز ئەم بەهێز بوونەیش بە تەئکید بە ستراتێژیەت و بەو هەیکەلە نوێیە دەبێت، ئەوەش کە تاچەند ئەم یەکێتییە بەهێز بێت هەم کاریگەریی لەسەر داهاتووی خۆی دەبێت و هەم لەسەر هەرێمی کوردستان. بە تەئکید کاتێک کە یەکێتییەکی بەهێز هەنگاو دەنێت بۆ زیاتر بەهێز بوونی خۆی و زیاتر کردنی جەماوەرەکەی و ئەندامەکانی.

یەکێتیەکی بەهێز کە بەشدار بێت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروها حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا بە تەئکید کاریگەریی خۆی دەبێت لەو بوارەشدا چوونکە دەتوانین بڵێین کاتێک یەکێتی بەهێز بێت هەرێمیش دەبێتە خاوەن حکوومەتێکی بەهێز. هەروەها کاریگەریەکی زۆر ئیجابی دەبێت لەسەر بەغداش چوون یەکێتی وەکوو هێزێکی نیشتمانیی سەرتاسەری لە بەغدا حیسابێکی زۆر بۆ بەرنامە و پەیام و سیاسەتەکانی دەکرێت، کە واتە دەتوانێت بە بەرنامەیەکی بەهێزەوە بچێتە بەغدا و بەشداریەکی کاریگەری ببێت لە حکوومەتی عێراقیدا، هەروەها یەکێتی دەتوانێت دەوری ببێت لە چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا و نەهێشتنی ئەو نیگەرانییەی کە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە.هەروەها یەکێتی دەتوانێت کاریگەری ببێت لەسەر چارەسەر کردنی ئەو بابەتەی کە هێشتا چارەسەر نەبووە. واتا بابەتی نەوت و گاز کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەبۆنەی ئەم بابەتەوە بەردەوامیی هەیە. کە واتا دەتوانین بڵێین یەکێتییەکی نوێ و بەهێز و خۆڕێکخراو بە شێوازێکی عەمەلی هەنگاوەکانی دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە ئەوەش لە خزمەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

 لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک کە ئەم هەنگاوانە کەوتنە بواری جێبەجێ کردنەوە، یەکێک لە ڕاسپاردەکانی کۆنگرە کە دواجار بۆتە بڕیار ئەوەیە کە یەکێتی لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە؛ ئەویش لەڕێگای ئەنجامدانی دانوستان و چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان بە شێوازێکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە لە سەر مێزی گفتوگۆ.

واتا یەکێتی دەستی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکڕیزی درێژ دەکات و دەیەوێت کە هەرێم ناوماڵی خۆی ڕێکبخات چوونکە هەلومەرجی ئێستای ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووی وادەخوازێت کە کوردیش ناوماڵی خۆی ڕێکبخات و خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکات، خوانەخواستە ئەگەر وەزعەکە زیاتر لەناوچەکە تەشەنە بکات کورد ئەگەر یەکگرتوو و تەبا نەبێت لەوانەیە یەکێک بێت لەو لایەنانەی کە زەرەرێکی زۆری بەردەکەوێت بۆیە دەبێت ئێمە خۆمان وەکوو یەکێتی ئامادە بکەین لە چوارچێوەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بەغدادا.

گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە کوردپرێسی وت: سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەروەها پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی تا ڕادەیەکی باش خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنانە. بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەر لە دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک، نەینەوا و مووسڵ بەروەشەنگال و هەروەها لە بەغدایش. ئێمە یان لیستی خۆمانمان هەیە یان هاوپەیمانێتیمان کردووە لەگەڵ هەندێک هێز و لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی یان کاندیدی تایبەت بە خۆمانمان هەیە. ئەو هاوپەیمانێتییانەی کە کردوومانە هاوپەیمانێتیی بەهێزن بۆ نموونە شوێنێکی وەکوو نەینەوا و مووسڵ ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی عەرەبی عێراقی بەشدارن لە مووسڵ هەردوو مەزهەبی شیعە و سونە تێیدا بەشدارن هەروەها کاکەیی و شەبەک هەیە لە هەمان کاتدا مەسێحی و ئێزدییەکانیش بەشدارن، واتا هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشدارن. لە کەرکووکیش دیسانەوە هاوپەیمانێتیەکەمان هەمەڕەنگە و کاندیدی زۆر بەهێزمان هەیە، لە خانەقین دیسانەوە کۆمەڵێک کەسایەتی عەرەب و کاندیدی شیعە و سونە تێیدا بەشدارن و ئێمەیش لیستێکی بەهێزمان هەیە. لە بوارەکانی دیکەش و لە ڕووی تەکنیکی و بەرنامەڕێژییەوە ئامادەکاریی باشمان کردووە، ئێستا هەنگاو دەنێین بۆ خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن.

 لەڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو بوویەوە کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا داوای لە ناوبراو کردووە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ دوا بخرێت؛ لەتیف نێروەیی لەبارەی ئەم هاواڵەوە بە کوردپرێسی وت: ئەوەی پەیوەستە بە پەرلەمانی کوردستان تەنها دەنگۆیەکە کە بڵاو بۆتەوە و هێشتا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ڕاینگەیاندووە کە یەکێتی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات، ئەو بڕیارەش بە دەستی کۆمیسیۆنی عێراقیدا نەک بە دەستی خۆمانەوە یان پارتی بێت کە ئێمە بتوانین ئەنجامدانی هەڵبژادن دوابخەین لەبەر ئەوە کۆمیسیۆن ئەگەر ئامادەکاری بکات و بڕیار بدات ئەوە ئێمە پابەندی بڕیارەکەین، ئەگەریش خۆیان پێویستیان بە کاتێکی زیاتر هەبێت ئێمە دووبارە هەر پابەند دەبین بە بڕیارەکەیانەوە.

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هێشتا ماوەیەکی زۆر ماوە و بەشێوەیەکی گشتی ئێمە ئامادەکاریمان کردووە و ئامادەکاریی زیاتریش دەکەین، ئەمجارە بانگەشەکەمان باشتر دەبێت و تیمەکانمان ڕێکخراوتر دەبن، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە دوای کۆنگرە یەکێتی سیاسەتێکی ڕۆشنی هەیە و یەک بڕیاری هەیە و یەک مەرجەعی هەیە و لە هەمان کاتیشدا بەرچاوی ئەندامان و کادێرەکانی ئێمە زۆر ڕۆشنە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هەڵبژادرنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان.

News Code 222354

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha