یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دابڕاوەکانی خۆی ئاشت دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکێتی هەوڵەکانی بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە دابڕاوەکان دەستپێکرد ئەوەش بە مەبەستی رێگری­کردن لە بەهێزبوونی لیستەکەی لاهوور شێخ جەنگی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی هاووڵاتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، پاش کۆتایی هاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکی ئەو حزبە بڕیاری­داوە کە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ کۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ سەرکردە دابڕاوەکانی حزبەکەی، تا بگەڕێنەوە ناو یەکێتی و دووبارە دەست بەکاری سیاسی بکەنەوە.

لەوبارەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی سەرکردە دابڕاوەکان، یەکێکە لەبڕیارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، لەکۆنگرە پێشنیار کرا و دواجار کرا بەبڕیار و بۆ ئەوەش لیژنەیەکی باڵا پێکهێنرا بۆ ئەو پرسە کە بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت.

ئەگەرچی دوای کۆنگرە بڕیار لەسەر ئاشتکردنەوەی سەرکردە تۆراوەکان دراوە، بەڵام چاودێرێکی سیاسی پێی وایە کە پێش کۆنگرە ئامادەکاری بۆ ئەوە کراوە و یەکێتی و خودی سەرۆکەکەشی بەرنامەڕێژییان کردووە تا پاش کۆنگرە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکەن، لەوبارەوە دکتۆر کاروان حەمە ساڵح چاودێری سیاسی بە هاوڵاتی-ی وتووە: دەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەی ئاشتەواییە لەدوای کۆنگرە بیری لێنەکراوەتەوە، پێش کۆنگرە بەرنامەی بۆ دانراوە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە لەناو کۆنگرە ئەوە یەکلایی بووەوە کە سەرۆکی یەکێتی دەسەڵاتی ئەوەی پێبدرێت هەموو کورسییەکان لەناو کۆنگرە یەکلایی نەکرێتەوە بەتایبەت لەناو سەرکردایەتی و ئەنجومەنەکان، بۆ ئەوەی بوارێک بهێڵرێتەوە لەدوای کۆنگرە ئەو کۆمەڵەیەی نەهێنرانە ناو کۆنگرە، خۆیان لەپاش کۆنگرە بانگهێشتیان بکەنەوە ناو حزب.

بەپێی زانیارییەکان عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیاری­کراوە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی ئەو لیژنەیە بکات کە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە دابڕاوەکان پێکهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی وتی: لیژنەکە بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و ئەندامێتی عومەر شێخ مووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و شێخ جەعفەر بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لەیەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەم بابەتە تاوتوێ­کرا بۆ ئەوەی بڕیارەکە بکەوێتە بواری پراکتیکیەوە و لە دووەم کۆبوونەوە رۆژی ۱۰ی ئەم مانگە دیاری کرا بۆ ئەوەی لیژنەکە دەستبەکاربێت، سەردانی چەندین هەڤاڵ کراوەو لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ کراوە، بۆیە هەڤاڵ عومەر شێخ مووس دیاریکراوە چونکە ئەو یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، کەسێکی نزیک بوو لەهەڤاڵ مام جەلال، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتیەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لەخەبات و لەلایەن هەموو هەڤاڵانەوە رێز لە عومەر شێخ مووس دەگیرێت و لەناو کۆنگرەی پێنجەمیشدا کاتێک مشتومڕێک دەهاتە کایەوە ئەم بەنەرم و نیانی و ئەزموونی خۆی وای دەکرد کە ببێتەهۆی کۆکردنەوەی بیروبۆچوونەکان و گەیشتن بە ئەنجام و بڕیارێکی هاوبەش. دەتوانین بڵێین رۆڵی کاریگەری هەبووە لەسەرخستنی یەکێتی.

لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی یەکێتی بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە دابڕاوەکان، لیستەکەی لاهوری شێخ جەنگی هیچ جووڵەیەکی سیاسی نییەو چاوەڕێی کرانەوەی دەرگای تۆمارکردنی لیست و قەوارەکان دەکات لەکۆمسیۆن تا وەک هێزێکی سیاسی بۆ هەڵبژاردن تۆماربکرێت، لەوبارەوە بەختیار کاوانی کەسی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی وتی : هێشتا قەوارە لەکۆمسیۆن داوا نەکراوە، ئەوەی هەیەو نییە کاک لاهور گوتویەتی لیستم دەبێت. تەنها ئەوە هەیەو هیچی تر، سەبر بگرن لەداهاتوودا هەموو شت یەکلایی دەبێتەوە.

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە دابڕاوەکان، رێگرییە بەرامبەر هەر هەوڵێکی لاهوری شێخ جەنگی بۆ بەهێزکردنی لیستەکەی، لەوبارەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە لیستەکەی لاهوری شێخ جەنگی دەڵێت: یەکێتی دەبوو پێش کۆنگرە ئەوەی بکردایەو هەموو جەمسەرەکان لەکۆنگرە بەشداربووان، تا بەهۆیەوە یەکێتی بەهێز بووایە. نەک ئەو فەراغە هەبێت و یەکێتی بەو پەرتەوازەییە بهێلِرێتەوە، ئاشکرایە هەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە ئەو سەرکردە دابڕاوانە پەنا بۆ هێزو کەسایەتی تر نەبەن، بەڵام یەکێتی هەڵەی کرد دوای کۆنگرە ئەوە دەکات، دەبوو پێش کۆنگرە بەوکارە هەستایە.

هەوڵەکەی یەکێتی بەچەند قۆناغێک دەبێت، سەرەتا سەرکردەکان و دواتریش ئۆرگان و مەکتەبەکان. کە بۆ ئەوەش لیژنەی تایبەتمەند پێکهێنراوە، لەوبارەوە لەتیف نێروەیی ڕایگەیاندووە: «لەدوای کۆنگرە هەوڵەکانمان بە ئاراستەی کۆکردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی یەکێتیە، کۆکردنەوەی هەڤاڵانمانە لەهەموو ئۆرگانەکان. لەیەکەم هەنگاویشدا لەسەرکردەکانەوە دەستپێدەکات و هەمو ئۆرگانەکان دەگرێتەوەو بەدروشمەکەی مام جەلال کە دەڵێت کەسمان لێ زیاد نییە، بەردەوام دەبین لەکۆکردنەوەی یەکێتییەکان

لیژنەکە لەگەڵ تەواوی سەرکردە دابڕاوەکان جگە لەنزیکەکانی لاهوری شێخ جەنگی کۆدەبێتەوەو دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت، لەوانە حاکم قادرو مەلا بەختیار، لەئێستاشدا گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ سامان گەرمیانی ئەنجامدراوەو ناوبراو نزیکبووەتەوە لە پەیوەندیکردنەوەی بە یەکێتی، هەروەک ئەوەی لەتیف نێروەیی دەڵێت: یەکەم دانیشتن ئەنجام دراوە و گفتوگۆ لەگەڵ هەڤاڵ سامان گەرمیانی کراوە، ئومێدمان هەیەو دەتوانین بڵێین ئەنجامی باشمان دەبێت.

بەهۆی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتیەوە، دەیەها سەرکردە و کادیری پێشکەوتووی ئەو حزبە وازهێنانی خۆیان راگەیاند و لە یەکێتی دوور کەوتنەوە. بەتایبەت پاش رووداوەکانی هەشتی تەمموزی ساڵی ۲۰۲۱ کە براوەی یەکەمی کۆنگرەی چوارەم کرایە دەرەوەی حزبەکە و بەدوایدا چەندان سەرکردەی تر دەرکران و چەندانی تریش وازهێنانی خۆیان راگەیاند.

 

News Code 222309

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha