بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود مەلا پەروێز، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووکی پارتی دیموکرات بە کەرکووک ناو-ی وتووە: "بڕیارەکەی سوودانی بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە 20 رۆژ لەمەوبەر گەیشتۆتە کەرکووک و تیایدا داوادەکات هەموو ئەو بارەگایانەی لەلایەن هەر هێز و لایەنێکەوە داگیر کراوە بۆ خاوەنە رەسەنەکەی چۆڵ بکرێت و بگەڕێنرێتەوە."
ناوبراو وتیشی: "ئەو بارەگایانەی پارتی کە لە کەرکووک دەستیانبەسەردا گیراوە، موڵکی پارتین و دەبێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت."
ئەو لێدوانەی مەسعوود پەروێز دوای ئەوە هات لە شەوی رابردوەوە ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران چوونەتە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک لە گەڕەکی شۆراو، لەگەڵ گرتنی رێگاکە کە کەرکووک بە هەولێر دەبەستێتەوە، خێمەیان هەڵداو داوایانکرد ئەو بارەگایە ڕادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان نەکرێتەوە.
مەسعود مەلا پەروێز وتیشی: "ئەو جۆرە مامەڵەیە برایەتی و پێکەوەژیانی ناو کەرکووک تێکدەدات، دەکرێت ئیدارەی ئێستای کەرکووک و لایەنی ئەمنی وەڵامی ئەوە بدەنەوە ئایا خۆپیشاندانەکە رەسمییە، مۆڵەتیان پێدراوە یان نا، ئەگەر مۆڵەتیان هەیە، کێ مۆڵەتی پێداون."
وتیشی "ئێمە مۆڵەتی رەسمی کاری سیاسیمان لە هەموو عێراقدا هەیە، بارەگاکانیش موڵکی خۆمانن، ناکرێت هەر بڕیارێک لە عێراقەوە بێت، دژی بوەستنەوە و رێگای خەڵک بگرن، بڕیارەگە گەیشتوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت".
مەسعوود مەلا پەروێز وتیشی: "گەڕانەوەی پارتی لە ئێستادا بۆ کەرکووک، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە بەرژەوەندی کورد و پارتی-ش".
Your Comment