فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانی وەڵامی کەمال که‌رکووکی-ی دایەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای (۳-۷)ی تایبەتی یەکێتی وەڵامی کەمال که‌رکووکی دەداتەوە و رایگەیاند، مێژو شاهێدی ئەو ڕاستیەیە کە لەگەڵ پارتی لە شەڕی ناوخۆدا جگە لە زیان هیچ شتێکیان بۆ نەمایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپێس، لیوا ئەیووب یووسف لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی وەڵامی کەمال که‌رکووکی-ی دایەوە و رایگەیاند: "کولاندنەوەی زامی کۆن جگە لە زیان گەیاندن بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان هیچیتر نییە"، ئەو لێدوانانەی کەمال که‌رکووکی "زۆر بە شێوازێکی دور لە ئیتیک و ناسیاسییانە خوێ دەکات بە برینی زامێکی کۆنماندا کە (کارەساتی هەکاری)ییە".

لیوا ئەیوب دەڵێت: "قسەی سەرەتا و کۆتاییمان ئەوەیە، لام سەیرە حزبێکی وەک پارتی کە خاوەنی پێگەی جەماوەرییە و حکوومەت و دەسەڵات لای ئەوانە و لەسەرو ئەوەشەوە پەیڕەو و پڕۆگرامیان هەیە کەچی وتەبێژێکیان نییە بەڵکوو هەموویان وتەبێژ و شیکەرەوە و قسەکەری سەر سایت و ڕۆژنامە و کەناڵە ناوخۆیی و جیهانیەکانن، ناکرێت هەرکەس و بە هەرجۆرێک پێی خۆشبوو یاخود بارودۆخەکەی بۆ گونجا لێدوانێک بدات و بە ناوی حیزبێکەوە دەست وەربداتە شتێک کە هی ئەو نییە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە دوای وەفاتی جەنابی سەرۆکی کۆچکردوومان سەرۆک (مام جەلال)ەوە لای هەمووان ئاشکرایە کە بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی وەک مەرجەعی باڵا و برا گەورە لە هەموو حزبەکوردیەکاندا سەیر کراوە، کەچی ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی نیە لە هیچ بارودۆخێکدا، حەق وابوو خۆی بە تایبەتی لەسەر ئەم باسە کۆبوونەوەی فراوانی بە ئەندام و کادیرانی حزبەکەی بکردایەوە فێری بکردنایە کە هەلدانەوەی پەڕەی کۆن و خوێکردن بە زامی سارڕێژ نەبودا ئەگەر و کاریگەری خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێ".

لیوا ئەیوب یووسف دەڵێت، "مێژو شاهێدی ئەو ڕاستیەیە کە ئێمە هەردوو حیزب لە شەڕی ناوخۆدا جگە لە زەرەد و زیان هیچ شتێکمان بۆ نەمایەوە، سەرۆک مام جەلال هەمو هەوڵێکی خستە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەو ئاشوبە و راگەیاندنی ئاگربەست و ڕێککەوتنەوەی هەردو حزب کەچی ئێستا هەندێک بەناو سیاسی و خەڵکی کاڵفام خەریکن بێ گەڕانەوە بۆ سەرو خۆیان ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆش دەکەنەوە و فوی لێدەکەن تا تەشەنە بسەنێ، بۆیە داواکارم لە کاک مەسعوود بارزانی برا گەورەیی خۆی بسەلمێنێ و ئەو کەسانەی دەبنە هۆکاری نانەوەی کێشە و تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان سڕ بکات و کارتی سوریان بەڕودا بەرز بکاتەوە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "هیواداربووم کەمال که‌رکووکی و هەموو بەرپرسانی پارتی شەڕی مووچەی خوراوی فەرمانبەران و کێشەی کەمیی ئاو و کارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزاریە تەواو نەکراوەکان و شەڕی نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماف و قوتی هاوڵاتیان بکەن، چارەسەری گیروگرفتەکانیان بکەن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و دانوسان بکەن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستاندا نەک هەوڵی دروست کردنی شەڕی ناوخۆو گرژکردنی دۆخی نێوان دو حزب بدەن".

دوو رۆژ لەمەوبەر که‌مال که‌رکووکی، به‌رپرسی مه‌کته‌بی رێکخستنی که‌رکووک-گه‌رمیانی پارتی رایگەیاند، پارتی له‌ که‌رکووک و شوێنه‌کانی دیکه‌یش به‌هێزه‌وه‌ به‌شداری له‌ پڕۆژه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی عێراق ده‌کات، "پارتی هه‌رگیز ناچێته‌ ناو هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ ۱۶ـی ئۆکتۆبه‌ردا خیانه‌تیان له‌ کورد و که‌رکووک کردووه‌، هاوپه‌یمانیه‌تی کردن له‌گه‌ڵ خیانته‌کارانی ۱۶ـی ئۆکتۆبه‌ر حه‌رامه‌".

News Code 221966

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha