ململانێ سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی قەوارەی هەرێمی خستۆتە مەترسییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهوور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت، قۆڵبادان و ململانێ سیاسیەكانیی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وا خەریكە بەتەواوەتی قەوارەكە بخەنەبەر مەترسی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی پارێزگای كەركووک و ناوچە كێشە لەسەرەكانی شەنگال و شێخان و مەخموور و دوزخورماتو و خانەقین و مەندەلی كردووە رایگەیاندوە: بەپێی ئەو وادەیەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دیاریی كردووە، رۆژی ۱۸ی (كانونی یەكەم/۱۲)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنەش كە ماوەیەكی زۆرە ئەنجام نەدراوە، گرنگییەكی گەورە و مێژویی هەیە و ئەنجامەكەشی دەبێتە بنەمایەک بۆ پیشاندانی سەنگ و پێگەی كورد لە كەركووک و ناوچە كێشە لەسەرەكان و سەلماندنی  خەڵكە  ڕەسەنەكەی  و خاوەندارییەتی خاكەكەی".


ناوبراو دەشڵێت: "ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان لە كەركووک و ناوچە كێشە لەسەرەكان، هەوڵماندا كە كورد بە یەک لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات، هەر بۆیە بە بێ هیچ بەرژەوەندیی و دەستكەوتێكی سیاسی و كەسی وتایبەتی، لە پێناو پێكهاتەی ڕەسەنی شارەكە  و نەفەوتان و پەرتەوازەنەكردنی دەنگی كورد  و راست كردنەوەی باڵانس و پارێزگاری كردنی كورد لە ژمارەی كورسییەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک یەكەم دەستپێشخەرییمان بێ جیاوازی بۆ لایەنە كوردستانیەكان راگەیاند و پرۆژەی (هاوپەیمانی گەل)مان پێشكەش كردن بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش".


ئاماژەی بەوەش كردوە، "ئێمە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی چەند لایەنێكی سیاسیمان كرد و ئەوانەشی سەردانمان نەكردبوون پرۆژەكەمان بۆ ڕەوانەكردن، داوای هەڵوێستمان لێكردن، لەگەڵ ئەوەی هەمو ئامادەییەكمان نیشاندا بۆ سەرخستنی كورد لەم هەڵبژاردنەدا، تەنانەت ئامادەبووین كاندیدشیمان نەبێت، تەنیا ئامانجمان سەركەوتنی كورد و خەڵكە ڕەسەنەكەی ناوچەكە وكۆكردنەوەی لایەنەكان بو لەچوارچێوەی لیستێكی هاوبەشدا، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان وەڵامەكەیان ئەرێنی نەبوو، ئامادەنەبوون بە یەک لیستی هاوبەش لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربن، لەكاتێكدا خۆیان ئاگاداری ئەو سیستمەن كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پەیرەو دەكرێت كە لە بەرژەوەندی یەک لیستی هاوبەشدایە نەک فرە لیستی، بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت".


ئەوەشی خستەڕوو، "بەداخەوە بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسیە كوردستانییەكان بەتایبەت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار كە دیارە دەرسیان وەرنەگرتووە لە هەڵەكانی رابردوو، دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بە نەهامەتییەكان و جارێكیتر كەركووک و ناوچە كێشە لەسەرەكان بكەنەوە قوربانی كێشە و ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندییە حزییەكانیان، دەركەوت هەموو ئەو دروشمانەی كە بەناوی كورد و نیشتیمانپەوروەرییەوە بە خەڵكیان دەفرۆشتەوە لە دروشمی درۆینە زیاتر نەبووە چوونكە ئامادەنەبوون بۆ یەكجاریش دەستبەرداری حزبایەتی بن و لە پێناوی میللەتەكەمان یەكڕیزی هەلبژێرن، بەڵكوو دەیانەوێت ببنەوە بە بارگرانی بۆ خەڵكی كەركووک و ناوچەی كێشە لەسەرەكان، تەنانەت قۆڵبادان و ململانێ سیاسیەكانیشیان لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وا خەریكە بەتەواوەتی قەوارەكە بخەنە بەر مەترسی پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان كە بە خوێنی رژاوی هەزاران شەهید و خەباتی چەندین ساڵەی دەیان هەزار پێشمەرگە و تێكۆشەر و قوربانیدانی ئەم گەلە ستەمدیدە و زوڵملێكراوە بەدەستهاتووە".

سەبارەت بە بەشداری كردنی لە هەڵبژاردنەكان لاهوور شێخ جەنگی ئاشكرای كردوە: "ئێمە لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە پیرۆزی خاكی كوردستان و بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، لەگەڵ ئەو فشارە زۆرەی كە لەسەرمانە بۆ بەشداری كردن و لیستی جیاواز لەم هەڵبژاردنەدا، رایدەگەیەنین كە هەرگیز ئامادەنین لە پێناو بەدەستهێنانی چەند كورسییەک زیان بە دەنگی كورد لەو ناوچانە بگەیەنین".


ئەوەشی روون كردۆتەوە، "ئێمە بە بەشداری كردنمان لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیاین كە دەنگێكی زۆر دەهێنین، هەموولایەكیش دەزانن كە پێگەو و سەنگی ئێمە لەكەركووک و ئەوناوچانە چۆنە و چەندە، بەڵام لە ژێر ناوی یەک لیستی كوردستانی نەبێت بە هیچ شێوەیەكیتر و بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن ناكەین و یاری بە چارەنووسی خەڵک و خاكەكەیەوە ناكەین، بۆیە داوای لێبووردنتان لێدەكەین".

لەپەیامێكیشدا بۆ هاوڵاتیانی كەركووک و ناوچە جێناكۆكەكان دەڵێت، "دڵنیایان دەكەینەوە، دڵ و گیانمان لەگەڵیاندایە و خۆمان بە خزمەتكاریان دەزانین، وەک چۆن لە رابردوودا بەهۆی هەڵوێستەكانمانەوە لەسەر ئەوەی ئامادە نەبووین یاری بە چارەنوسی كەركووک و ناوچە كێشەلەسەرەكان و خەڵک و خاكی ئەو ناوچانە بكەین قوربانی زۆرمانداوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا ئامادەی هەموو قوربانییەكین، لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەشدا خودی خۆم ئامادەم هەموو تواناكانم بخەمەگەڕ، دێ بەدێ  و ماڵ بەماڵی كەركووک  و ناوچە جێناكۆكەكان بگەڕێم و دەستی هەموو دەنگدەرێكی كوردی رەسەن ماچ بكەم و پێیان بڵێم بڕوا بە دروشمی كوردایەتی درۆینەی لایەنەكان مەكەن، بەڵكوو لە پێناوی چارەنوسی كەركووک و سەلماندنی خاوەندارییەتی ئەو خاكە پیرۆزە كە بەشداری كارایان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا تا یەک دەنگی كورد لەو ناوچانە بەفیرۆ نەچێت، دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە بە شایستە و راستگۆیان دەزانن بۆ خزمەتكردنی ناوچەكانی خۆیان جا لەهەر لیست و لایەنێكبن".

جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا یەكگرتوویی تەواوی لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكێشە لەسەرەكان زۆر پێویستە نەک بۆ وەدیهێنانی خەونی گەورە، بەڵكوو بۆ لەدەست نەدانی زیاتری خەون و ئاواتەكانمان بەهۆی پەرتەوازیی و نەگرتنەبەری سیاسەتێكی حەكیمانە.

ئەوەشی راگەیاندووە: "لە داهاتوو هەر ئەنجامێكی نەخوازراو رووبدات ئەوا ئەو لایەنانە لێی بەرپرسیارن كە  خەمی چارەنوسی كەركووک و خەڵک و خاكی ئەو ناوچانەیان نیە و سڵ لە وێرانبوونی ناكەنەوە و بە فرە لیستی بەشداری لەم پرۆسە گرنگ و هەستیارەدا دەكەن، دەبێت ئەوەش باش بزانن مێژو ڕەحمیان پێناكات و دادگای مێژو حكومیان ئەدات".

News Code 221962

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha