لەبارەی کارەساتی شەنگالەوە دادگای لاهای ۹ ساڵە چاوەڕوانی بەڵگەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ساڵی ۲۰۱۴ چووەتە دادگای لاھای و لەگەڵ سەرۆکی دادگاکە کۆ بووەتەوە و سکاڵای تۆمار کردوە، دادگاکە داوایانکردوە کە "ناسنامەی داعشێکی دیل رەوانەی دادگای لاھای بکەین بۆ ئەوەی دادگاکە لەوێوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سۆران عومەر کە ئەندامی خولی پێشوی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بووە و کەیسی جینۆسایدی ئێزیدیەکان بۆ دادگای لاھای بردووە، رایگەیاند، لە ۱۲ی ۹ی ۲۰۱۴ چووینە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاھای، کاتی چوون بۆ دادگای لاھای لەسەر داوای بەندە وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵندا بۆی ڕێکخستین، لە ۱۰ی ۹ی ۲۰۱۴ لەناو پەرلەمانی ھۆڵندا پاش سەرۆکی پەرلەمان قسەم لەسەر تاوانەکانی داعش دەرھەق بە کوردانی ئێزیدی و تورکمانەکان و کاکەیی و مەسیحی و مسوڵمانان کرد".

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دادگای لاھای لەگەڵ دادوەر ئیمریک رۆجێر کۆبوونەتەوە لە نووسینگەی داواکاری گشتی دادگای لاھای، لەگەڵ ئایدن مەعرووف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی و شێخ شامۆ پەرلەمانتاری پارتی کە ئێزیدی بو، لەگەڵ کاک دڵشاد راوێژکاری پەرلەمان، دادوەر ئیمریک رۆجێر بۆ خۆی فۆڕمی سکاڵاکەی بۆ پڕکردینەوە سکاڵاکار بەندەبو وەک سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان.

سۆران عومەر دەڵێت، "سێ دۆکیۆمێنتی تاوانەکانمان پێشکەش کرد، لە کۆتاییدا وتی بۆ ئەم کەیسە کەتوانەکانی داعشە بەرامبەر ئێزیدیەکان تەنھا ئەم سکاڵا وەردەگیرێت و ئەگەر توانرا لێکۆڵینەوە لەم دۆسێ بکرێ ئەوە تۆ سکاڵاکاری تا ئەنجامی کەیسەکە وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار، دادوەر وتی تکایە کە گەڕایتەوە بۆ وڵاتی خۆت ئەم فۆڕمە نیشان مەدەو مەڵێ من چوم سکاڵام لەسەر داعش تۆمارکردوە، چونکە ژیانت دەکەوێتە مەترسی و ئێمە لێرەوە تۆمان پێ ناپارێزرێت بۆیە خۆت بپارێزە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "دوای چەندین نامەی فەرمی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، دواین جار وتیان کە عێراق ئەندام نییە لەم دادگایە ڕێگرە لەوەی بتوانین راستەوخۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکەین، بەڵام لەڕێگەی ئەو داعشانەوە دەتوانین لێکۆڵینەوە بکەین کە ھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەندامی دادگاکەمانن، بۆیە ناسنامەو ناوی داعشێکی دیلمان بدەنێ کە ھەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی ئەندامی دادگای لاھایە".

سۆران عومەر دەڵێت، "بەفەرمی ئەم داوایەم ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد تاکو ناسنامەی داعشێکی دیل رەوانەی دادگای لاھای بکەین بۆ ئەوەی دادگاکە لەوێوە دەست بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن، بەداخەوە تا ئێستا ناو و ناسنامەی ھیچ داعشێک نەدرا بەدادگای لاھای تاکو لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە نەکرێن".

News Code 221943

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha