هەرێم ڕووبەڕووی داهاتوویەکی پڕ مەترسی بوەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا لە ساڵیادی دامەزراندنیدا رایگەیاند، بەدیلی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرنامە سیاسیەکەی هەر بزووتنەوەی گۆڕانە، هەربۆیە ئەم پڕۆژە سیاسیە نیشتیمانیە پێویستی بە خۆکۆکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە و پێداچونەوە هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە ۲۵ی تەموز لە ۱۴هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، رایگەیاند: "هێزی گۆڕان لە خەباتی مەدەنی و ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی و گەڵاڵەکردنی بەرنامەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی هەرێمی کوردستان بو، پاکێجەکانی چاکسازی و خستنەڕووی دەیان پڕۆژەی بەدیل بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی گەواهیدەری خەمخۆری گۆڕانە بۆ پڕۆسەی نیشتیمانسازی و بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکان و دوورخستنەوەی مەترسیەکان".

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە درێژایی ئەو مێژوە پارتی و یەکێتی نەک بژاردەی چاکسازی و بەشێک لە بەرنامەی گۆڕانیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکوو: "بەپێچەوانەوە تەدەخولیان لە کاروباری حکوومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی قەزایی، هێزە چەکدارەکان، کۆمەڵگەی شارستانی، ئابووری و بازاڕ زیاترکرد و دامەزراوەکانی حوکمڕانیان لەرزۆک و هەرێمی کوردستانیان لەناوخۆ و دەرەوەدا لاواز کرد".

بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "هێشتا چوار بەربەستی سەرەکی لەمپەڕی بەردەم پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستانن، یەکەم: سیستەمی سیاسی بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیدا؛ هەرێم لە بازنەی قەیراندا دەخولێتەوە، چوونکە نادادی کۆمەڵاتی و سیاسی، گەندەڵی، ناسەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری، نەبوونی شەفافیەت و نەبوونی هاوڵاتیبوون، سەرچاوەیەکی سیستەمی سیاسییە، ئەم سیستەمە پاداشتی خراپ و سزای باش دەدات".

هەروەها باسی لەوەکردوە، "هێزی چەکداری حیزبی یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان مل‌نەدانە بۆ ڕیفۆرم و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە چوارچێوەی سوپا و دامەزراوەی نیشتیمانیدا، ئەمڕۆ دەرفەتێکی گەورە هەیە، کە بە پشتیوانی هاوپەیمانان ئەم گۆڕانکارییە بکرێت، ئاماژەکان دەریدەخەن ئەم دەرفەتەش وا خەریکە لە دەست دەدرێت".

بزووتنەوەی گۆڕان لە خاڵی سێیەمیدا ڕوونی‌کردوەتەوە، "لاوازیی دەسەڵاتی یاسادانان پەرلەمان بەهێز و خاوەن بڕیار بێت و ئەرکی نوێنەرایەتی، یاسادان و لێپرسینەوە وەک خۆی جێبەجێ بکات دەتوانێت هاوسەنگی بەهێز دروست بکات، بەبێ بوونی هیچ هۆکارێکی لۆژیکی جگە لە پشتکردن لە دیموکراسی رێک پێچەوانەی ئەمە پەرلەمانی کوردستان لاواز کراوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانیش لە کاتی خۆیدا لە ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتی زیانی گەورەی هەبووە".

لە بڕگەی چوارەمیشدا دەڵێت: "پشت بەستن بە ئابووری نەوت ئەمیش بەربەستێکی گەورەی بەردەم گۆڕانکارییە، چوونکە نەوت کراوە بە ئامڕازێک بۆ رێگری لە گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە چەوتە هەرێمی کوردستانی کردووە بە دیلی حکوومەتی فیدڕاڵی".

لە پەیامەکەدا بۆ دانیشتوانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، گۆڕان نووسیویەتی، "هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازدایە، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە پەیوەندیدارە بە دەنگدانی دانیشتوانی کەرکووک و ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێم، دووەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان،  هەردوو هەڵبژاردن لە کاتێکدایە ئاڵنگارییەکانی ناوخۆی هەرێم، کێشەی خاک و دەسەڵات و داهات لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیتحادی؛ یەکگوتاری کوردستانی و کۆدەنگی نیشتیمانی پێویستی بە یەکگرتوویی و هاوپەیمانیەتی کوردستانییە".

گۆڕان هەروەها پارتی و یەکێتی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "بەهۆی ململانێی حزبی و سووربوونی پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵاتدارێتیەکی حیزبیانە و سازش نەکردن بۆ یەکتر؛ هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی داهاتوویەکی پڕ مەترسی و دابەشبوونی زیاتر و ئاڵنگاری ناوخۆیی، عێراقی و هەرێمی دەبێتەوە، ئێمە لە گۆڕان ئۆباڵی شکستی مێژویی و لاوازبوونی زیاتری قەوارەی دەستووریی هەرێم دەخەینە ئەستۆیان".

پەیوەست بە بەدیلی گۆڕان، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "جەخت دەکەینەوە بەدیلی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرنامە سیاسیەکەی هەر بزووتنەوەی گۆڕانە، هەربۆیە ئەم پڕۆژە سیاسیە نیشتیمانیە پێویستی بە خۆکۆکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە و پێداچوونەوە هەیە، هەموو ئەم ڕێکارانەش پێویستی بە پشتیوانی زیاتری خەڵک و ئەو کارەکتەرە گرنگانەیە، کە پشودرێژ لەسەر بەهاکانی گۆڕان لە ناوەوە و دەرەوە ماونەتەوە و چاوەڕێی گۆڕانکارین، ئێستا کاتی ئەوەیە چاوەڕوانی تێپەڕێنین و هەمووان بەیەکەوە گۆڕان بەهێزبکەینەوە و سەنگەری پشتیوانی خەڵک پتەو بکەینەوە".

News Code 221900

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha