فەڕەنسا ۳۵ منداڵ و ژنی داعش لە کامپەکانی کوردستانی سووریاوە دەگەڕێنێتەوە

بەشی سووریا- فەڕەنسا  گەڕاندنەوەی ۱۰ ژن و ۲۵ منداڵی خانەوادەکانی ئەندامانی داعشی راگەیاند کە لە کامپەکانی کوردستانی سووریادا دەستبەسەربوون، ئەمەش چوارەم گرووپە کە بیانگێڕێتەوە وڵاتەکەی لە سووریاوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەو منداڵانەی خوار تەمەنی یاسایین رادەستی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دابین‌کردنی چاودێری کۆمەڵایەتی منداڵان کراون و بەدواداچوونی پزیشکی و کۆمەڵایەتیان بۆ دەکرێت، هاوکات گەورەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون لە دەسەڵاتی دادوەری.

دەیان هەزار کەس، لە نێویاندا ئەندامانی بنەماڵەی جیهادییەکان، کە سەر بە زیاتر لە ۶۰ نەتەوەن لە کامپەکانی "هۆل" و "رۆژ"دا لە کوردستانی سووریا دەستبەسەرن و بەڕێوبەری خۆسەریش بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.

بەهۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی گێڕانەوەی ماڵباتەکانی داعش بۆ وڵاتەکانیان، بەڕێوبەری خۆسەری، لە ۱۰ی حوزەیرانی رابردوودا، دەستپێ‌کردنی دادگایی‌کردنی ئەو ئەندامە بیانیانەی داعشی راگەیاند کە لەلایەن خۆسەرییەوە دەستبەسەرن.

فەرەنسا بەهۆی هێواشی گێڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەم کامپانەوە لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرکۆنە دەکرێت.

ئەو ژنە فەرەنسییانە خۆبەخشانە چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق و دوای راگەیاندنی کۆتایی‌هاتنی دەسەڵاتی خەلافەت کە لەلایەن رێکخراوەکەوە راگەیەندراوە، لە لایەن هەسەدەوە دەستگیرکراون، بەپێی راگەێنراوی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری.

لە هاوینی ۲۰۲۲دا و لە میانی یەکەمین پرۆسەدا، ۱۶ ژن و ۳۵ منداڵ گەڕێنرانەوە بۆ فەرەنسا، دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا گروپی دووهەمیان ئەنجامدرا کە ۱۵ ژن و ۴۰ منداڵ بوون.

مانگی یەکی ساڵی رابردوو وەزارەتی دەرەوە گەڕانەوەی ۱۵ ژن و ۳۲ منداڵی راگەیاند، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە سەرکۆنەکردنی فەڕەنسا لەلایەن لیژنەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هات.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەێنراوەکەیدا سوپاسی بەڕێوبەری خۆسەری کرد بۆ هاوکارییەکانی لە بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەیەدا.

News Code 221785

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha