ڕەنگە هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنە نەوتییەکان نەبێت و پارەیش لە بەغداوە نەیەت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باس لە لێکەوتەکانی دوو هەژماری بانکی دەکات کە لە مادەی 13ی بوودجەی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ خەرجییەکانی نەوت، بەڵام لە بوودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخان کردووە.

لە پڕۆژەیاسای بوودجە کە لە حکوومەتەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراو زادەی رێککەوتنی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بوو، تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبوو، ئەویش بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستانی تێدا ئیداع دەکراو بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانیش، بەرێگەی (مقاصة) پاکتاوی داهاتی نەوت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەکرا. هەر زووش بانکی ناوەندیی عێراق بە نوسراویان ژمارە 3004 لە 27-4-2023 رازی بوون کە تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبێت و بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

 

ئەنجوومەنی نوێنەران چۆن ماددەی 13ی گۆڕی و چی لەو هەژمارە بانکیەی هەرێمی کوردستان کرد؟

 

ئەنجومەنی نوێنەران سەرلەبەری پڕۆژەکەی حکوومەتی گۆڕی و بەگوێرەی مادەی 13 لە یاسای بودجەی عێراق کە ئێستا لە سەرۆکایەتیی کۆمارە، دوو هەژماری بانکی دەکرێنەوە لە جیاتی یەک دانەو بەمشێوەیەی خوارەوە دەنگی لەسەر درا:

 

هەژماری بانکیی یەکەم لە مادەی 13ـی پەسندکراو، حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە چ بە هەناردەکردنی بێت یان ساخکردنەوەی لە بازاڕی نێوخۆیی، ئەگەر هەناردە نەکرا.

 

ئەم هەژمارەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانکی نێوخۆیی عێراقی لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە بۆ ئیداعکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و نابێت هیچ بڕە پارەیەکی لێ گلبدرێتەوە یان مقاصەی لەسەر ئەنجام بدرێت، تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت، لە بەرامبەردا سەرجەم هەژمارەکانی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەخرێن لەناویشیاندا هەژماری (Citibank) کە تاوەکو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بانکە نێودەوڵەتییە گلدەدرایەوە.

 

ئەو هەژمارە بانکییەی مادەی 13ی یاسای بودجە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و تەنیا وەزارەتی دارایی عێراقیش دەسەڵاتی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە دەبێت، هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە نییەو داهاتی نەوتی دانراوی نێویشی دەبێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق و هیچ بڕە پارەیەکیشی لێ داناشکێندرێت.

 

داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا چەندە؟

 

داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان (بەبێ داشکاندنی خەرجییەکان) ئەگەر بەرمیلی بە 70$ بفرۆشرێ ئەوا مانگانە داهاتەکەی مەزەندە دەکرێت بە بڕی (840 ملیۆن دۆلار) کە بە دیناریش دەکاتە (یەک تریلیۆن و 92 ملیار دینار)، بۆ ساڵێکیش داهاتەکە دەکاتە (10 ملیارو 80 ملیۆن دۆلار) و بە دیناریش دەکاتە (13 تریلیۆن و 104 ملیار دینار) لە ساڵێکدا. بەدیوێکی دیکەدا هەرێمی کوردستان بە نەوتەکەی بەشداری لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق دەکات بە زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار لە ساڵی 2023.

 

کێ بەرپرسە لە خەرجی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و کرێی گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە؟

 

ئەگەر مادەی 13 رێگە نەدات هیچ خەرجییەک لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت؟ ئایا پارەی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەکردن و گواستنەوە لە کوێ دەدرێت و کێ بەرپرسیارە لە پێدانیان؟

 

لە مادەی 13دا هاتووە کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق بەرپرسە لە خەرجکردنی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەنێو خشتەی خەرجیی سیادیی بودجەی عێراق بڕی (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ی بۆ تەرخان کردووە و لەم بڕە پارەیەش بڕی (یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینار)ی کرێی گواستنەوەیە و خراوەتە سەر بەشەکەی هەرێمی کوردستان، بەم جۆرەش لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دادەشکێت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە (16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار)ەوە دادەبەزێت بۆ (15 تریلیۆن و 200 ملیار دینار).

 

لەسەر چ بنەمایەک پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت؟

 

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تەنانەت ئەم پارەیەش کە تەرخانکراوە لەناو خەرجیی سیادی کۆتوبەندیی بۆ دانراوە کە دەبێت لەسەر بنەمای نرخی تێچووی بەرمیلێک نەوتی عێراق خەرج بکرێت نەک بەگوێرەی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، کە دیسان ئەم دەستەواژەیە هیچ نرخێک بۆ ئەو (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ە ناهێڵێتەوە، چوونکە جیاوازیی گەورە هەیە لە میکانیزمی ئەژمارکردنی نرخی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و جۆری گرێبەستە نەوتییەکان.

 

ئەوەی تەنیا خاڵی ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی گەنجینەی عێراقە ئەوەیە کە سۆمۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان بە هەمان رێکار و نرخی سۆمۆ بۆ نەوتی کەرکووک دەفرۆشێت، کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 8-10 دۆلار زیاترە لە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەپێش 25-03-2023 کە ئەمەش هیچ لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێ، چوونکە پابەندیی هەرێم بە ژمارەی بەرمیلی نەوتە کە بە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە دیاریکراوە نەک نرخەکەی.

 

کورتهێنان لە تەرخانکراویی خەرجی هەقدەستی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

 

کێشە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ خەرجییەکانی نەوت، بەڵام لە بودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخانکردووە، بەم شێوەیەش کورتهێنانێک بە بڕی (دوو تریلیۆن و 800 ملیار دینار) بۆ دابین‌کردنی خەرجیی تێچووی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە دروستدەبێت کە هیچ تەرخانکراوێکی بۆ نەکراوە لەناو بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پڕی بکاتەوە، چونکە داهاتی نەوتەکە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت و دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراق و لەمادەی 13دا هاتووە کە نابێت هیچ پارەیەک (استقطاع) بکرێت لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە ئەگەری نەدۆزینەوەی سەرچاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەمجۆرەش هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەندیی خۆی جێبەجێ بکات و لە کۆتاییدا بە بەهانەی جێبەجێ نەکردنی ئیلتزامی نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغداش پارە نانێرێت.

News Code 221712

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha