کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە ئیدارەی بایدن دەکات ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لابدات

بەشی جیهان- سێ کەس لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن دەکەن تاوەکوو بەردەوام لەگەڵ ئەنقەرە و بەغدا لە پەیوەندییدا بێت بۆ دانوستان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا نووسراوێکیان ئاراستەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و تێیدا هاتووە: "داوا دەکەین بەردەوام لە پەیوەندییدا بن لە بەرزترین ئاستدا لەگەڵ حکوومەتەکانی ئەنقەرە و بەغدا، بۆ دانووستان لەسەر کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا (ITP) چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بۆ ڕێککەوتن لەمبارەیەوە."

ئەوەش خراوەتەڕوو کە بۆریی عێراق-تورکیا کە تاکە ڕێگەیە بۆ هەناردە کردنی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت، لە مانگی ئازارەوە هەناردەکردن لەم بۆرییە ڕاگیراوە.

باس لەوەش کراوە کە: "بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 80% داهاتی هەرێمی کوردستان بڕاوە، ئەمە لەکاتێکدا کە عێراق بوودجەی فیدراڵی نییە، بەمجۆرەش بەپێی دەستوور بوودجەی هەرێمی کوردستان نانێرێت."

لە نووسراوەکە جەخت کراوەتەوە کە لکاندنی ئەم دوو بابەتە بەیەکەوە سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس هۆشداریش دەدەن: "ئێمە نیگەرانین لەو کێشەیە، ئەگەر بەمزووانە چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لێبکەوێتەوە."

ئاماژەی بەوەش داوە کە تاوەکوو ئێستاش هەرێمی کوردستان جێگەی بۆ سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییە کەمینەکانی عێراق و سووریا کردۆتەوە کە لە ئەنجامی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

لە نووسراوەکە ئەندامانی کۆنگرێس جەختیان لەسەر پێویستی کردنەوەی بۆرییەکە و ناردنی بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە کردۆتەوە. هەر لەمبارەیەوە نیگەرانیی خۆشیان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندووە و هۆشدارییان داوە کە دەکرێت ئەمە بڕگە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت تێکبدەن.

ئەندامانی کۆنگرێس هەروەها باسیان لەوە کردووە کە: "باوەڕمان بە حکوومەتی ئەمریکا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا و دڵنیابوون لەوەی کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕی نێودەوڵەتی."

تیشکیان خستووەتەسەر ئەوەش کە "کۆمپانیا ئەمریکییەکان 15 ساڵ لەمەوبەر دەستیان بە کارکردن کردووە لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی هیچەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئاستی ئێستای کە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، وەک دەزانن ئەم هەناردەکردنانەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک."

News Code 221674

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha