مەسعوود بارزانی لەسەر پڕۆسەی تێپەڕاندنی پڕۆژەی یاسای بوودجەی 2023ی عێراق پەیامێکی توندی بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند جێگەی داخێکی زۆرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێکی نابەرپرسانە و پێچەوانەی دەستوور بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەبوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "هەموو لایەک ئاگادارن کە پێشتر گفتوگۆ و ڕێککەوتنی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی کێشەکان لە ئارادا بوو. هەروەها حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە دەرئەنجام و ڕێککەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەر بکرێن و هەموو لایەک خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەن، کەچی بەداخەوە هەندێک لایەنی سیاسی بە نەفەسێکی نکۆڵیکارانە و نابەرپرسیارانە لەڕێگەی دەستکاری کردنی بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بکەن هیچ مانایەک بۆ کیانی هەرێمی کوردستان نەمێنێت، بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ کرایەوە".

ناوبراو دەشڵێت: "ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەکان و هەروەها هەموو ئەوانە لادا کە نە ڕێز لە بەڵێن و ئیمزاکانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماکانی دەستووریش دەگرن".

بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێستاش کە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند کراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێکی پاک جێبەجێ بکرێت".

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد: "لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان، موڵکی گەلی کوردستان و بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلی کوردستانە. لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباکییەک بۆ تێکدان و نەهێشتنی هەرێمی کوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوە هەرێمی کوردستان نەک تەنیا هێڵی سوورە بەڵکوو هێڵی مەرگە و یان کوردستان یان نەمانە".

News Code 221641

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha