بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەناو پەرلەمانی عێراق دەوام دەکات، دەیەوێت کێشەی نێوان لایەنەکان لەسەر بوودجە چارەسەر بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و تێپەڕێ.
یەکێک لەو ناکۆکیانەی کە عامری هەوڵی چارەسەر کردنی داوە و پێی نەکرا، ناکۆکی پارتی و یەکێتیی بوو لەبارەی ئەو بڕگەی کە لیژنەی دارایی بۆ ماددەکانی بوودجە تایبەت بە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
بڕگە زیادکراوەکە دەڵێ:
"حکوومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەریی شایستە داراییەکان لەنێوان پارێزگاکان دابەشدەکات بەبێ جیاوازی، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدڕاڵی پشکی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێتو ڕاستەوخۆ دەیدات بە پارێزگا ناڕازییەکە".
ئەم بڕگەیە لەسەر داوای یەکێتیی داخڵی بودجە کراوە، یەکێتیی ترسی هەیە هەرکاتێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی تێکچوو، پارتی پارە لە بەشە بودجەکەی عێراق بۆ سلێمانی نەنێرێت، بەتایبەتیش کە بودجەکە بۆ سێ ساڵە ۲۰۲۳-۲۰۲۴-۲۰۲۵، بۆیە دەیەوێت لەکاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکدا لەگەڵ پارتی، بتوانێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد مامەڵە بکاتو بەشی سلێمانی لە پشکی هەرێم راستەوخۆ لە بەغدادەوە وەربگرێت نەک لەرێگەی حکومەتی هەرێمەوە.
لەبەرامبەردا پارتی زۆر بە توندی دژی داخڵ کردنی ئەم بڕگەیە لەناو بودجەدا، بە کارێکی نادەستوری دەزانێت و وەکوو دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناوی دەبات، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات لە دادگای فیدراڵی دژی ئەم بڕگەیە ئەگەر پەرلەمان پەسەندی بکات.
بەپێی زانیارییەکانی درەو، هادی عامری هەوڵیداوە پارتی و یەکێتیی لەسەر ئەم بڕگەیە بگەیەنێتە رێککەوتن، بەجۆرێک بڕگەکە بەشێوەیەک دەستکاری بکرێت کە هەردوولا لەسەر کۆک بن.
بەپێی زانیارییەکانی درەو، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارتی و یەکێتی، عامری پێشنیازی کردووە بڕگەکە وای لێبکرێت ئەگەر ناڕەزایەتیی لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە هەبوو، راستەوخۆ بەشە بودجەی سلێمانی لە پشکی پشکی هەرێم جیانەکرێتەوە و بنێردرێت بۆ سلێمانی، بەڵکوو لیژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە سەردانی پارێزگای سلێمانی بکات و ئەو لیژنەیە بڕیار بدات ئایا بەشێوەی راستەوخۆ پارە بنێردرێت یان نا.
درەو زانیویەتی، یەکێتیی بەم پێشنیازە قایل بووە، بەڵام پارتی رازی نەبووە و داوایکردووە لەبری ئەوە لیژنە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ سلێمانی بدات، لیژنەکە لە حکوومەتی هەرێم بێت و ئەو بڕیار بدات.
بەمشێوەیە ئەم بڕگەیە هێشتا لەنێوان پارتی و یەکێتیی ناکۆکی لەسەرە، پارتی ئەمە بە هەوڵی پەرت کردنی کوردستان ناو دەبات، هەندێک لە لایەنەکانی کوردییەکانی تریش هەمان بۆچوونیان هەیە و یەکێتی تا ڕادەیەک لەم بابەتەدا بەتەنیا ماوەتەوە، بەڵام هێشتا پاڵپشتی لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەدەست نەداوە.
Your Comment