پارتی: کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کراوەتەوە/ یەکێتی: نایاساییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، بە دەنگی ۵۸ پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە. جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێ، پەیڕەوی نێوخۆ پێشێل کراوە و دان نانێن بەو هەوڵەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە ۲۲ـی ئایاری ۲۰۲۳ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکەی دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی ۵۸ پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسی هەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە".

فراکسیۆنی یەکێتی دەنگدان بۆ کارکردنەوەی کۆمیسیۆن رەتدەکاتەوە. لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی سێ لە مادەی ۱۸ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئەمڕۆی هەڵگرتووە؛ نە جێگرەکەی و نە هیچ کەسێک مافی ئەوەیان نییە دوای سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە بەڕێوەببەن".

لوقمان وەردی جەختی کردەوە: "بەهیچ شێوەیەک داننانێن" بەوەی کە دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بەڕێوەچووبێت.

مادەی ۱۸ لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان

لە بڕگەی سێی مادەی ۱۸ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هاتووە، "کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان، سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان" لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندایە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی دوێنێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان، دەبوو ئەمڕۆ دووشەممە ۲۲ـی ئایاری ۲۰۲۳ پەرلەمان کۆببێتەوە و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش ده‌نگدان بێت له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حەوت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان. بڕگەی دووەمیش خوێندنه‌وه‌ بۆ دوو پڕۆژەیاسایە بکرایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەر دانیشتنەکە، کۆبوونەوەکە ئاڵۆزی تێکەوت و تەنیا ئەوە بەڕێوەبرا، کە پارتی دەڵێ کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و یەکێتی رەتیدەکاتەوە.

کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە دوای یەکەم راگەیێندراوی بەرنامەی کار بڵاوکرایەوە، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بوو. ئەم بڕگەیە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان واژۆی لەسەر نەکردووە و بە واژۆی جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەگوێرەی "حوكمی بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ ماده‌ی (۴۸)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان" بۆ دانیشتنەکە زیاد کراوە.

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە راگەیێندراوەکەی پەرلەماندا هاتووە، "كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی رۆژژمێری كه‌ ده‌ستپێده‌كات له‌ رۆژی ته‌واوبوونی ماوه‌ی یه‌كه‌می له‌ ۲۳-۱۲-۲۰۱۹ و ده‌نگدان له‌سه‌ر پاڵێوراوان بۆ ئەندامێتیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران، به‌پێی حوكمی خاڵی (۱)ی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ ماده‌ی (۵)ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی، ژماره‌ (۴)ی ساڵی ۲۰۱۴."

فراکیسۆنی یەکێتی: زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دژی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانە

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان هەر دوێنێ لەبارەی زیادکردنی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا ناڕەزایی دەربڕی و رایگەیاند، "پارتی بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاکلایەنەی نایاسایی، بڕگەیەکیان بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان زیاد کردووە و نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیڕەوی، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی ململانێی سیاسی."

 فراکسیۆنی یەکێتی ئەو هەنگاوەی بە ناپەیڕەوی پێناسە کرد و رایگەیاند، "ئەم ھەنگاوە پێچەوانەی مادەی ۴۸ـی بڕگەی چوارە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی ۲۴ کاژێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیێندراوە."

مادەی ۴۸ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان

لە بڕگەی چوارەمی مادەی ۴۸ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بەوە بەرنامەی کاری دیاریکردووە، هاتووە، "سەرۆکی فراکسیۆن یان نوێنەری پێکهاتەیەک یان لانیکەم ۱۰ پەرلەمانتار بەر لە ۲۴ کاژێر لە وادەی دانیشتنەکە دەتوانێت داوای زیادکردنی بابەتێک بۆ بەرنامەی کار بکات؛ دەبێت بابەتەکە گشتی و بەپەلە بێت و دواخستنی ببێتە هۆی لەدەستدانی گرنگی داواکارییەکە".

News Code 221494

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha