بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمرۆ دووشەممە ۸ی ۵ی ۲۰۲۳ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت کرد و "لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە".
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها تیشک خرایە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە حەوت مانگە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە، تائێستاش دیار نییە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکان یاخود نا.
هەر لە دوای کۆ بوونەوەکە ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بەریتانیا پەیامێكی بڵاو کردەوە ڕایگەیاند: خۆشحاڵم كە بینیم ئەمڕۆ سەرۆگ وەزیران و جێگری سەرۆگ وەزیران كۆبوونەوە.
ناوبراو وتیشی: ئەم کۆبوونەوە "هەنگاوێكی سەرەتایی گرنگە بۆ پێشكەوتن لە پرسە سەرەكییەكان لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە".
ڕۆزی كەیڤ دەشڵێت: "هیوادارم ئەمە سەرەتای پرۆسەی رێكەوتنی ئاشتەوایی و هاوكاری بێت كە رێگە بە حكوومەت بدات بەشێوەیەكی كاریگەر كاربكات و كار بۆ هەموو هەرێم بكات".
Your Comment