٨ کانونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:١٤
لە قەندیل چیدی دەنگی تفنگەکان نابیسترێن

گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ئۆتۆمبێلە پیکابەکەیەوە ڕێگایەکی تەسک و سەختی پێچاوپێچی شاخی لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبڕێت، پێش کۆتایی هاتنی ڕێگاکە لە ئۆتۆمبیلەکە دادەبەزێت و دەچێت بۆلای دارێک کە تەلفونێکی پێوەیە، پەیوەندی بە هەڤاڵەکانییەوە دەکات و لە گەیشتنی تیمی ئاژانسی فرانس پرێس ئاگاداریان دەکاتەوە.

لە دووری چەند مەترێکەوە، لە هەوایەکی ساردی پایزدا، شۆفێرەکە پیکابەکەی لەسەر گردێک راوەستاند و هەموو سەرنشینەکان دابەزین. ئەوان و چەند هەڤاڵێکی تر و میوانەکان پێکەوە بەرەو حەشارگەیەک لە چیای قەندیل کە گەریلاکانی پەکەکەی لێ رۆشتن، ئەم زنجیرە چیایە وەک بنکەی پشتەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ناوزەد دەکرێت.

لە قووڵایی ناو حەشارگەکەدا، زەردەخەنەکەی ژنە فەرماندە ( شێردا مەزڵوم کەبار) هێشتا بەسەررووخساریەوە مابوەوە کە سڵاوی لە ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی فرانس پرێس کرد و وتی "پرۆسەی ئاشتی بەو مانایە نییە کە شاخەکان بەجێبهێڵین".

لە قەندیل چیدی دەنگی تفنگەکان نابیسترێن

ئەو شەڕڤانە تەمەن ٤٧ ساڵە، بە قژی درێژ و قاوەییە کاڵەکەیەوە درێژەی بە قسەکانی داو و تی: "تەنانەت ئەگەر بڕۆن، هەمان شێوازی ژیان دەپارێزین"، درێژەی پێداو وتیشی: "سروشتی ئێرە من ناترسێنێت، من لە شار هەست بە ئارامی ناکەم بەهۆی ئاپۆڕاو جەنجاڵی شاری پڕ ئۆتۆمبێل و دوکەڵی هاتوچۆ".

دوابەدوای بانگەوازی دامەزرێنەری پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پارتی کرێکارانی کوردستان دوای زیاتر لە چوار دەیە جەنگ لە دژی هێزەکانی تورکیا و ململانێیەک کە نزیکەی ٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە، لە مانگی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند،.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەو پارتە چەند هەنگاوێکی مێژوویی ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دژی تورکیا کە ئەو وڵاتە ماوەی ٢٥ ساڵە بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیرکردووە بۆ هێرشکردنە سەر  پەکەکە و بە بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی دژی چەکدارەکانی ئەو هێزە.

لە قەندیل چیدی دەنگی تفنگەکان نابیسترێن

لە مانگی تەموزی ڕابردوودا، ٣٠ گەریلا کە چوار فەرماندەیان تێدابوو، لە مەراسیمێکدا چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی نزیک سلێمانی سووتاند، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی سومبلی بۆ نیشاندانی ئەوەی کە سورن لەسەر وازهێنان لە خەباتی چەکداری.

دەیان ساڵە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەناگە دوورەدەست و ئارامەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی عێراق و تورکیا جێگیربوون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدا دەژین.

شێردا مەزڵوم کەبار جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەبات کۆتایی نایەت ئەگەر شەڕیش بوەستێت، بەڵکوو "بە شێوازی جیاواز و ئاشتیانە بەردەوام دەبێت".

لە قەندیل چیدی دەنگی تفنگەکان نابیسترێن

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە ناچار نەبووین بەم شێوەیە بژین، بەڵکو خۆمان هەڵمانبژاردووە".

چاوپێکەوتنی تیمی فرانس پرێس لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە رێگای ئەو کامێر و کەلوپەلاناوە بوو کە لەلایەن حزبەکەوە ئامادەکرا، بەو پێیەی رێگا بە هیچ کەرەستەیەکی ئەلکترۆنی نەدرا ببرێتە شوێنی گەریلاکان، ئەمەش بە هۆکاری ئەمنی ڕێگە پێنەدرابوو.

لە دەرگای چوونە ژوورەوەی تونێلەکەدا پانکەیەکی گەورە بە بۆرییەکی هەواگۆڕکێیەوە هەڵواسرابوو کە بۆ ناوەوە درێژ بووبوەوەو لە رێگای ئەم بۆریەوە هەواگۆڕکێی لە تونێلەکەدا زامن کرابوو.

سەرەتای تونێلەکە کورت و بەرتەسک بوو، پاش کەمێک رۆشتن ناو تونێلەکە فراوانتر دەبوو، دوای چەند هەنگاوێک ژمارەیەک گەریلای تەمەن جیاواز بە جلوبەرگی سەربازی کوردی سەوزی زەیتونیەوە وەک نەریتی خۆیان ڕیزبووبوون و یەک بە یەک بە تەوقەکردن سڵاویان لە میوانەکان دەکرد.

رێڕەوەکە تا درێژدەبووە ژووری لێدەبووە، هەر ژوورەیان تایبەتبوون بە مەبەستێکی دیاریکراو، لە خانوویەکی تەواو دەچوو هەموو شتێکی تیدابوو؛ ژووری میوان و چێشتخانە و ژووری نانخواردن و شوێنی نووستن و گەرماو.

هەروەها ژنە شەڕکەرەکان بەشی تایبەت بە خۆیان هەبوو کە بە ڕووەک و گڵۆپ ڕازێنرابووەوە.

لە قەندیل چیدی دەنگی تفنگەکان نابیسترێن

چیاکانی کوردستانی عێراق لەم دواییانەدا ئامێزیان بۆ هاتنی ئەو چەکدارە نوێیانە کردەوە کە بە بڕیاری حزبەکەیان لە تورکیا کشانەوە، بەمەش سەرلەنوێ هەڵوێستی خۆیان دووپاتکردەوە کە پابەند دەبن بە پرۆسەی ئاشتییەوە کە لەگەڵ ئەنقەرە دەستیان پێکردووە.

لە نێویاندا فیگەن دەرسیم، شەڕڤانی تەمەن ٣٤ ساڵ کە لە تەمەنی ٢٣ ساڵیەوە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ەوە کردووە و زۆربەی کاتەکانی لە باکووری کوردستان بەسەر بردووە.

ئەو دەڵێت: "چوڵکردنی سەنگەرەکانمان لە باکووری کوردستان مایەی نیگەرانییەکی زۆر بوو، تورکیا شوێنێکی زۆر تایبەت بوو، بەتایبەتی کە ئێمە لە ڕێبەر ئاپۆ نزیکتر بووین".( بە ئاماژەدان بە عەبدوڵڵا ئۆچالان، تەمەن ٧٦ ساڵ کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە دوورگەی ئیمرالی لە کەناراوەکانی ئیستانبوڵ سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە).

هەروەها دەڤریم بالو تەمەن ٤٧ ساڵ، لە ساڵی  ١٩٩٩ەوە پەیوەندی بەو حزبەوە کردووە و بەم دواییە گەڕاوەتەوە کوردستانی عێراق.

ئەو بە دەنگێکی نزمەوە وتی: "لە ڕێکخراوەکەماندا گرنگ نییە لە کوێ شەڕ دەکەیت، هیچ شەڕڤانێک لە شوێنێکدا نامێنێتەوە و دەشڵێت حزبەکەی " پێی ناوەتە قۆناغێکی گۆڕانکاری نوێوە".

ئاماژە بەوەش دەکات کە پەکەکە توانای گۆڕینی سروشتی ململانێ و گواستنەوەی لە شەڕەوە بۆ کردەی ئاشتیانە هەیە.

چەندانجار پەکەکە بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاشتی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا سەرقاڵی دانوستان بووە، سەرەتای دامەزراندنی وەک بزووتنەوەیەکی جوداخوازی خۆی نمایشکرد، بە درێژای ئەو مێژووە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، تا گەیشتۆتە ئەم دۆخەی ئێستا کە داوای دادپەروەری و یەکسانی بۆ کورد لە تورکیا دەکات.

پەکەکە دەڵێت: "پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی دیموکراسی زامنە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد، بەمەش پێدەنێینە قۆناغێکی نوێوە."

بالو، ئاماژە بەوە دەکات لێرە لە هەرێمی کوردستان و لە چیاکانی قەندیل بە گشتی ژیانی گەریلایی بۆ ئێمە ئاسانترە، چونکە بارەگای سەرکردە باڵاکانی حزبمان لێ نزیک ترەو و هەواڵەکان خێراتر پێمان دەگەن".

لە قەندیل چیدی دەنگی تفنگەکان نابیسترێن

لەو حەشارگەیەی کە ئاژانسی فرانس پرێس سەردانی کرد، دیوارەکان بە وێنەی ئۆچلان و ژمارەیەک لەو شەڕڤانانەی لە بەرەکانی شەڕ گیانیان لەدەستداوە، ڕازێندرابووە.

لە چێشتخانەکەدا چەند گەریلایەک سەرقاڵی نان دروستکردن و کۆلێرە بە قیمەبوون، ژمارەیەکی تریشیان تەماشای تەلەفزیۆنیان دەکرد و چایان دەخواردەوەو، گفتوگۆیان دەکرد.

ژوورێک لە تونێلەکە تەرخانکرابوو بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ گەریلاکانی بنکەکانی تر لە زنجیرە چیاکانی دەوروبەریان.

دەڤەری قەندیل ساڵانێکی زۆرە قەڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یەو، وەک بنکەی سەرەکی پارتی کرێکاران لە کوردستانی عێراق خزمەت بە ئامانجەکانی ئەو پارتە دەکات.

سەرەتا شەڕڤانان لەناو ئەشکەوتە سروشتیەکاندا خۆیان حەشار دەدا، بەڵام لەگەڵ شەڕی درۆنەکاندا دەستیان کرد بە هەڵکەندنی دەیان تونێل.

لە ڕێگای گەڕانەوەدا، گەریلایەک کە یاوەری تیمی ئاژانسی فرانس پرێسی دەکرد بە پیکابەکەیەوە بە خێرایەکی زۆروە لەو تاریکی ئەنگوستەچاوەی شەودا لێیدەخوڕی و، لەبەر خۆیەوە وتی "دەتوانم بە چاوی داخراوەیشەوە لەم چیایەدا  لێبخوڕم".

News ID 226583

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha