بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری میدل ئیست ئای لە ڕاپۆرتێکدا، هەندێک وردەکاریی دیکەی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی تورکیاوە بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ڕاستە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا نزیکەی 1 و 400 ملیۆن دۆلار تورکیای غەرامە کردووە، بەڵام هەمان دادگا بەغدای بەهۆی دەفرایەتی کەمی بۆری نەوتی عێراق بۆ تورکیا و هەروەها خەرج نەکردنی کرێی ئەو بۆرییە لە ساڵەکانی 1990؛ زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار غەرامە کردووە کە دەبێت تورکیا لە حکوومەتی عێراق وەری بگرێت.
ئەم گۆڤارە سەبارەت بە هەنگاوی عێراق بۆ وەرگرتنی غەرامەی 1 ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری لە تورکیا لە سامانەکانی تورکیا لە ئەمریکا نووسیویەتی: حکوومەتی عێراق داوایەکی یاسایی لە دادگای خۆجێیی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا تۆمار کردووە و داوای لەو دادگایە کردووە ئەو بڕەپارەیە لە سەروەت و سامانی تورکیا لە ئەمریکا لە بەرژەوەندیی عێراق بلۆک بکرێت.
میدل ئیست ئای بە پشتبەستن بە سەرچاوە تورکییەکان، ڕایدەگەیەنێت کە تورکیاش دەیهەوێت داواکارییەکی هاوشێوە لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمار بکات بە مەبەستی بلۆک کردنی 500 ملیۆن دۆلار لە سەروەتی عێراق ئەوەش بەپێی حوکمی دیوانی نێوبژیوانیی نێونەتەوەیی.
لەکاتێکدا تورکیا و عێراق لە دادگاکانی ئەمریکا سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار دەکەن، کە واشنتۆن یەکێکە لە لایەنگرانی جددی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
Your Comment