بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانتاری باتمانی هەدەپە، مەهمەت روشتو تریاكی ئاشكرای كرد، بە لیستی پارتی چەپی سەوز بەشداری ٢٨هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بڕیارە رۆژی ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی هەدەپە، دەڤریم تورگای یڵماز بە یاوەری پەرلەمانتاری باتمانی هەدەپە، مەهمەت روشتو تریاكی و ئەندامانی پارتەكە گەیشتنە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا.
مەهمەت روشتو تریاكی دوای ئەوەی لیستی ناوی بەربژێرانی پارتی چەپی سەوزی رادەستی سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن، ئەحمەد یەنەر كرد لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و ئاماژەی بەوە كرد كە رۆژێكی دڵخۆشكەر و لە هەمان كاتدا خەمناكە بۆ ئەندامانی پارتەكەی.
ناوبراو ڕایگەیاند: "نەمانتوانی بەناوی پارتی دیموكراتیی گەلان بەشداری بكەین. دۆسیەیەكی داخستن لە دژمان بەڕێوەدەچێت. تەنانەت ئەگەر نەشمانەوێت بەڵام ئەو دۆخەی كە تێیدا بووین ناچاری كردین كە رێگایەكی دیكە تاقیبكەینەوە. لە لیستەكانی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەین".
مەهمەت روشتو راشیگەیاند: "لە ٨١ پارێزگا و سەرجەم بازنەكانی هەڵبژاردن بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەین، تەواوی لیستەكانمان پێشكەش كرد و ئومێدەوارین هەڵبژاردنێكی سوودبەخش دەبێت بۆ دیموكراسیی وڵاتەكەمان".
Your Comment