«حوسێن مەستۆ» ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سێهەمین ساڵۆگەڕی داگیر کردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە جیهادییەکانەوە و ڕایگەیاند: تورکیا بە ڕەزامەندیی ڕووسیا و ئەمریکا و بە بیانووی بوونی (PYD) لە عەفرین هێرشی کردە سەر ئەم ناوچەیە و بووبەهۆی ئاوارە بوونی نزیکەی سێسەد هەزار کەس.
ناوبراو درێژەی دا: هیوادارین بە یارمەتیی جەنابی مەسعوود بارزانی و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پرسی عەفرین چارەسەر بکەین.
حوسێن مەستۆ وتیشی: ئەو دۆخەی ئێستای عەفرین بە گلەیی و گازنە چارەسەر نابێت بەڵکوو پێویستی بە ڕێگاچارەی سیاسییە و ئێمە هیوادارین بە یارمەتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەم کێشە چارەسەر بکرێت، هەروەها کە ئاماژەی ئەرێنی هەن لەم بابەتەدا بە سەردانی شاندی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سووریا و گەڕانەوەیان بۆ عەفرین.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: پرسی عەفرین تەنها بە سیاسەت چارەسەر دەبێت و ئێمە نابێت لە خەڵکەکەمان لە عەفرین دوور بگرین و دەبێت تێکەڵی ئەو خەڵکە بین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment