کۆڵبەرێک لە تەتە ڕزگار کرا/ دوو کارمەندی فریاکەوتن بریندار بوون

بەشی کوردستان- لە تەتە کۆڵبەرێک کە بە هۆی گیرخواردن لە سەرما نزیک بوو ڕەق بباتەوە لەلایەن ناوەندی فریاکەوتن و مانگی سووری کوردستانەوە گیانی لە مردن ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاتژمێر 13ی ئەمڕۆ ناوەندی فریاکەوتن و مانگی سووری کوردستان ڕاپۆرتی گیرخواردنی کۆڵبەرێکی لە تەتە پێگەیشت و دەست بەجێ تیمەکانی فریاکەوتن ڕەوانەی ناوچەکە کران.

محەمەد باقر محەمەدی بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان لەمبارەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 9ی بەفرانبار پاش ئەوەی کە لە ڕووداوەکە ئاگادار کراینەوە وامان بۆ دەرکەوت کە ئەو کۆڵبەرە کە تووشی ڕووداوەکە بووە دۆخێکی باشی نییە و کێشەی دڵیشی بۆ دروست بووە، دەست بەجێ تیمی فریاکەوتنی سەوڵاوا بەرەو شوێنی ڕووداوەکە بەڕێ کەوتن و لە هەڵمەتێکی زۆر دژواردا توانییان گیانی کۆڵبەرەکە ڕزگار بکەن.

بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان زیادی کرد بەڵام بە داخەوە لە کاتی گەڕانەوەدا ئۆتۆمبێلی تیمی فریاکەوتن بە هۆی سەخت و سەهۆڵ بوونی ڕێگاکەوە تووشی ڕووداو بوو و دوو کەس لە ئەندامانی تیمەکە بریندار بوون.

ناوبراو لەبارەی ئەم دوو کارمەندەوە وتیشی: ئێستا دۆخی سەلامەتیی ئەو دوو کەسە جێگیرە و ڕووی لە باشتر بوونە.

محەمەد باقر محەمەدی بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان جەختی کردەوە پێچەوانەی بانگەشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سوور لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا هەوڵدەدەن فریای هاووڵاتییان بکەون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97057

Your Comment

You are replying to: .
captcha