به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق فه‌ریق ڕۆکن عه‌بدولوهاب ساعدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق له پۆسته‌كه‌ی دوور خرایه‌وه و گواستراوه‌ته‌وه بۆ سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق که ڕۆژی هه‌ینی 27ی ئه‌یلوولی 2019 عه‌بدولوهاب ساعدی له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی عه‌بدولمه‌هدی هاته ده‌نگ و به میدیاکانی ڕاگه‌یاند: عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌کداره‌کانی عێراق فه‌رمانی گواستنه‌وه‌می له پۆسته‌که‌م بۆ فه‌رمانگه‌یێکی وه‌زاره‌تی به‌رگری واژۆ کردووه.
فه‌ریق ساعدی باسی له‌وه کرد که ڕۆژی پێنجشه‌ممه 26ی ئه‌یلوولی 2019 پاش به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌م له فه‌رمانده‌ییی هێزی دژه‌تیرۆری عێراق و گواستنه‌وه‌م بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری واژۆ کراوه و ته‌ئکیدی کرده‌وه که عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و بڕیاره‌ی له‌سه‌ر داوای مه‌حره‌مانه‌ی موشیر ڕۆکن تاڵب شغاتی فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عێراق ده‌رکردووه.
فه‌ریق ڕۆکن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق له‌باره‌ی بڕیاری لادانی له پۆسته‌كه‌ی به بڕیاری عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق باسی له‌وه کرد که زانیاری له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ركردنی بڕیارێكی له‌و جۆره نییه و گوتیشی: به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیم به سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه كردووه و پێم وتووه که هیچ شتێكت له‌گه‌ڵ مندا هه‌یه؟ ئه‌ویش پێمی وتووه كه به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌فسه‌رێكی لێهاتووم و ئه‌وەی ڕووی داوە ته‌نها جێگۆڕكێی فه‌رماندەكانه.
ساعدی به عه‌بدولمه‌هدی وتووه: "ئه‌گه‌ر باشم ئه‌مه چاكه‌ی باشییه‌كه‌مه؟" هاوكات ساعدی لابردنی له ده‌زگای دژه تیرۆری عێراق به سووكایه‌تی بۆ پله سه‌ربازییه‌كه‌ی وه‌سف كردوه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت ئه‌مه سووكایه‌تییه بۆ پله‌كه‌م و هه‌موو ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه مه‌شقی پێ كردوون.
عه‌بدولوه‌هاب ساعدی که وه‌ک فه‌رمانده‌یێكی سه‌ربازی به‌شدارییێكی كارای له شه‌ڕی ڕزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵدا هه‌بووه و له‌لایه‌ن خه‌ڵكی مووسڵیشه‌وه په‌سه‌ندكراو بووه و به‌وه ناسراوه كه سنووره‌کانی تایفه‌گه‌ری تێکشکاندووه زیادی کرد: گواستنه‌وه‌م بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق وه‌ک سزادانی سه‌ربازی دێته ئه‌ژمار و پۆست و پێشینه‌ی سه‌ربازیی زیاتر له 30 ساڵه‌م ڕێگه‌م پێنادات فه‌رمانێکی وا جێبه‌جێ بکه‌م هه‌ر بۆیه داوام کرد که له‌جیاتی گواستنه‌وه‌م بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری خانه‌نشین بکرێم.
ناوبراو له کۆتاییدا جه‌ختی کرده‌وه: من که‌سێکی سه‌ربازیی لێهاتووم و هۆکاره‌که‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رم نازانم؛ پێشتر محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشنیاری به من کرد که به‌رپرسیارێتیی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری بگرمه ئه‌ستۆ به‌ڵام من ئه‌و پێشنیاره‌م ڕه‌ت کرده‌وه و به حه‌لبووسیم وت که پێم خۆشه وه‌ک فه‌رمانده‌یێکی سه‌ربازی له مه‌یدانی شه‌ڕ چالاکی بکه‌م.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment