حکوومەتی تورکیا بەنیازە بۆ میوانداریکردنی ٣٦ەمین لووتکەی ناتۆ لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی تەممووزدا، ڕێوشوێنی ئەمنیی بەرفراوان لە ئەنقەرە بگرێتەبەر. لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی هەر جۆرە گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک لە پایتەختدا لە ١ تا ١٥ی تەممووز قەدەغە دەبێت.
ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەر فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا و ناوچەی ئێتیمەسگوت (شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەکە)، گەڕەکی سۆغوتئۆزو (شوێنی کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی کۆمار)، سنووری ئەو هۆتێلانەی شاندەکانی تێدا دەنیشنەوە و ڕێڕەوی هاتوچۆکانیان، وەک «ناوچەی سوور» دەستنیشان کراون.
هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ڕێبواران بۆ ناو ئەم ناوچانە لەژێر چاودێرییەکی تونددا دەبێت. هەروەها ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ١٥ هۆتێلی شوێنی نیشتەجێبوونی شاندە بەشداربووەکاندا چڕتر دەکرێنەوە.
٤٠ هەزار هێز: لە ماوەی لووتکەکەدا، ٤٠ هەزار هێزی پۆلیس و جەندەرمە لە ئەرکدا دەبن، هەروەها هێزە مەدەنییەکانیش (جلی مەدەنی) بەشداری لە جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکاندا دەکەن.
سیستمی کامێراکان: جیا لە تۆڕی کامێراکانی چاودێریی شارەکە، کامێرای پێشکەوتووی کۆنترۆڵ و چاودێری لە ١٠٠ خاڵی هەستیاری ئەنقەرەدا جێگیر دەکرێن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەسەنبۆغا و دەوروبەری دەکەونە ژێر ڕێوشوێنی تایبەتی ئەمنییەوە و بۆ هەندێک لە گەشتە ئاسمانییە هاتووەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە، سنووردارکردن دەسەپێنرێت. هاوکات پشکنینە ئەمنییەکان لە دەروازەکانی چوونەژوورەوەی ئەنقەرە توندتر دەکرێنەوە.
بۆ بەرنامە کولتووری و گەشتیارییەکانی هاوسەرانی سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەکە، پلانی پاراستنی جیاواز لەبەرچاو گیراوە.
بەرپرسانی تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی ئەگەری، لەگەڵ هەندێک وڵاتدا زانیاری لەسەر ئەو کەسانە ئاڵوگۆڕ دەکەن کە پێشینەی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات و دۆسیەی ئەمنییاندا هەیە. بەپێی ئەمەش، ڕێگە بە چوونەژوورەوەی ئەو کەسانە نادرێت کە ڕاپۆرتی هەواڵگرییان لەسەرە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغاوە بۆ ناو ئەنقەرە.
پلانە ئەمنییەکانی ئەم لووتکەیە بە ڕەچاوکردنی ئەزموونی کۆبوونەوەی ساڵی ڕابردووی ناتۆ و بەشداریی نزیکەی شەش هەزار کەس تێیدا داڕێژراوە، بەرپرسانیش خۆیان بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەک لەم ئاستەدا یان گەورەتر ئامادە دەکەن.
پێشتر کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی مستەفا چیفتچی وەزیری ناوخۆی تورکیا، بۆ پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە ئەمنییەکانی لووتکەی ناتۆ بەڕێوە چوو بوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕێکخرابوو، سەرجەم ڕەهەندە ئەمنییەکانی لووتکەکە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و فەرماندەیی گشتیی جەندەرمە و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا ڕاپۆرتی گشتگیریان لەسەر پڕۆسەی ئامادەکارییەکان پێشکەش کرد.
جێی ئاماژەیە، بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە پڕۆسەی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم لووتکەیە بە میوانداریی ئەنقەرە بەردەوامە.
Your Comment