ئۆیڵ پرایس هۆشداریدەدات؛ عێراق لە سەروبەندی کارەساتێکی ئابووریدایە

داخرانی گەرووی هورمز و ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆریی جیهانی تورکیاوە، بەغدای خستووەتە ناو خراپترین قەیرانی هەناردەکردنی وزە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. ئەم قەیرانە دەتوانێت بە توندی هەڕەشە لە بودجەی حکوومەت و سەقامگیریی ئابووریی عێراق بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عێراق تەنیا چەند هەفتەیەکی کەم لە قەیرانێکی چارەنووسسازەوە دوورە؛ قەیرانێک کە دەکرێت ئابووریی پشتبەستوو بە نەوتی ئەم وڵاتە بخاتە ناو قۆناغێکی بێپێشینە لە داڕمان. بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی "سایمۆن واتکینز" لە ماڵپەڕی (OilPrice.com)، ڕێککەوتنی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵە بۆرییەکانی تورکیاوە لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦دا کۆتایی دێت. ئەم ڕێگەیە، دوای داخرانی کرداریی گەرووی هورمز، بووەتە تاکە شادەماری زیندووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، داخرانی گەرووی هورمز لە کۆتاییی شوباتی ڕابردووەوە بووە هۆی ئەوەی بەغدا بەشێکی زۆری ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی خۆی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا، بەتایبەتی چین، لەدەست بدات. پێش ئەم قەیرانە، نزیکەی ٪٩٥ی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هورمزەوە هەناردە دەکرا. بەڵام ئێستا کۆگاكانی عێراق پڕ بوون و حکوومەت ناچار بووە بیرە نەوتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو دابخات.

ئەم دۆخە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقی لە زیاتر لە ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا پێش قەیرانەکە، بۆ نزیکەی ١.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردووەتەوە؛ ئەم ژمارەیەش نزمترین ئاستی بەرهەمهێنانی عێراقە لە دوای هێرشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣وە. پسپۆڕان هۆشداریدەدەن کە بەردەوامبوونی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان دەتوانێت زیانی هەمیشەیی بە کۆگا سروشتییەکانی نەوتی عێراق بگەیەنێت؛ لەوانە دابەزینی پەستانی کۆگاکان، دزەکردنی ئاو و داڕزانی ئامێرەکانی دەرهێنان.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەم قەیرانەی ئێستا ڕەگی لە ناکۆکییە دێرینەکانی نێوان بەغدا، ئەنقەرە و هەرێمی کوردستاندایە. لە ئاداری ٢٠٢٣دا، دادگایەکی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی، تورکیای بە پێدانی ١.٥ ملیۆن دۆلار قەرەبوو بە بەغدا مەحکووم کرد، چونکە ئەنقەرە ڕێگەی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابوو بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق، نەوتی خۆی هەناردە بکات.

دوای ئەم بڕیارە، تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ١٩٧٣ی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق ــ تورکیای چالاک کرد و ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦دا بە تەواوی کۆتایی دێت.

ئیستا بەغدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ژیاندنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک ــ جیهانەوە، بەشێک لە هەناردەی نەوتی خۆی ڕزگار بکات. ئەم هێڵە بۆرییەی کە لە کەرکووکەوە دەست پێدەکات و لە ڕێگەی مووسڵ و فیشخاپوورەوە دەگاتە بەندەری جیهانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست، توانای فەرمیی گواستنەوەی ١.٦ ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە. بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکان و ساڵانێک لە داڕزانی ژێرخانەکەی، کارەکانی سنووردار کردووە.

حکوومەتی عێراق هاوکات خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆریی کەرکووک ــ نەینەوایە، بۆ ئەوەی نەوتەکە بەبێ تێپەڕبوون بەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندان، بگەیەنێتە سنووری تورکیا. بەغدا هیوادارە لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەم ڕێگەیەوە هەناردە بکات.

لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان هێشتا هێڵە بۆرییە سەربەخۆکەی خۆی لە کێڵگەی تەق تەقەوە تا فیشخاپوور پاراستووە کە تواناکەی گەیشتووەتە نزیکەی ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەردوو هێڵە بۆرییەکە دەکەونە ژێر چەتری هەمان ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ تورکیادا، و ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ نەکرێت، کارەکانی هەردوولا لە کۆتایی تەممووزدا ڕادەوەستێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تورکیا ئێستا پێگەی باڵای خۆی لە دانوستانەکاندا بەکاردەهێنێت و داوای ئیمتیازی بەربڵاوی ئابووری و وزە لە عێراق دەکات. سەرچاوەکانی نزیک لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایانگەیاندووە کە ئەنقەرە داوای زیادکردنی بەرچاوی کرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت، زامنکردنی قەبارەیەکی جێگیری هەناردەی ڕۆژانە و پشکداریی بەربڵاو لە پڕۆژەکانی نەوت، گاز، پێترۆکیمیایی و کارەبای عێراقدا دەکات.

تورکیا هەروەها هەوڵ دەدات بەغدا ڕازی بکات بە بەشداریکردن لە پڕۆژە زەبەلاحەکەی "ڕێگەی گەشەپێدان" کە بڕی ١٧ ملیار دۆلاری تێدەچێت و بڕیارە بەندەری گەورەی فاو لە باشووری عێراقەوە لە ڕێگەی تۆڕێکی هێڵی ئاسن و ڕێگاوبانەوە بە تورکیا و پاشان بە ئەوروپاوە ببەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە لە هەمان کاتدا بەشێکە لە پڕۆژەی گەورەی " پشتێنە و ڕێگا"ی چین.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە داهاتووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئێستا نەک تەنیا بە دانوستانەکانی بەغدا و ئەنقەرەوە، بەڵکو بە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی نێوان ڕۆژاوا، ڕووسیا و چینیشەوە بەستراوەتەوە؛ ململانێیەک کە دەتوانێت ئاڕاستەی داهاتووی ئابووریی عێراق و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دیاری بکات.

News ID 227310

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha