ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ٣٠٠ کۆچبەری کورد لە لیبیا

ڕاپۆرتێکی تۆڕی میدیایی (BBC)ی ئینگلیزی ئاشکرای دەکات، کە سەدان کۆچبەری کوردی عێراق کە لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپادا بوون، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە لیبیا ڕفێندراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی توند بوونەتەوە، تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لێکرابێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕفاندنی زیاتر لە ٣٠٠ کۆچبەری کوردی هەرێمی کوردستان لە لیبیا، یەکێک لە مەترسیدارترین و شۆکهێنەرترین دۆسیەکانی ئەم دواییەی قاچاخی مرۆڤ بەرەو ئەورووپا ئاشکرا دەکات؛ دۆسیەیەک کە ڕەهەندەکانی لە سەرانەسەندن و ئەشکەنجەدان تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی دەرهێنانی بەزۆری ئەندامانی جەستە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن BBCوە بڵاوکراونەتەوە، ئەم کۆمەڵە کۆچبەرە کە زۆربەیان گەنجانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٥دا کاتێک دەیانویست لە ڕێگەی خاکی لیبیاوە بەرەو بەریتانیا بڕۆن، لەلایەن گرووپێکی چەکداریی نیمچەسەربازییەوە لە لیبیا ڕفێندراون. قاچاخچییەکان بۆ ئازادکردنی هەر کەسێک داوای پێنج هەزار دۆلاریان لە بنەماڵەکانیان کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردوون ئەگەر پارەکە نەدەن، گورچیلەی بارمتەکان دەردەهێنن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە قاچاخچییەکان وێنە و ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی بارمتەکانیان بۆ خێزانەکانیان ناردووە. هەندێک لە قوربانییەکان دوای ئازادبوونیان بە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاندووە کە نزیکەی ١٨٠ کەس لەناو یەک ژووری بچووکدا و لەژێر بارودۆخێکی دژە مرۆڤانەدا دەستبەسەر کرابوون. تا ئێستا گیانلەدەستدانی لانیکەم یەک بارمتە پشتڕاستکراوەتەوە و هێشتا ڕوون نییە چەند کەسی تریان لەژێر دەستی ئەو گرووپەدا ماونەتەوە.

لە چەقی ئەم دۆسیەیەدا، ناوی قاچاخچییەکی کورد بە ناوی "نووح ئارۆن" کە خەڵکی شاری ڕانیەیە هاتووە؛ ناوبراو کۆچبەرەکانی لە ڕێگەی باکووری ئەفریقا و دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا دەبرد. بەپێی بەدواداچوونەکانی BBC، لە نێوان ئەم قاچاخچییە و چەکدارە لیبییەکاندا لەسەر دابەشکردنی پارە کێشە دروست بووە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ڕفاندنی بەکۆمەڵی کۆچبەرەکان. "ئارۆن" لە ئێستادا لە فەرەنسا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر دەبات.

هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە پەیوەندیی ئەو دەکەن لەگەڵ قاچاخچییەکی تری خەڵکی ڕانیە بە ناوی "کاردۆ جاف" کە ئەویش بەم دواییانە دەستگیر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای "چەتەم هاوس" (Chatham House)، دەڤەری ڕانیە بووەتە یەکێک لە ناوەندە چالاکەکانی تۆڕی قاچاخی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا.

بەشە هەرە ترسناکەکەی دۆسیەکە کاتێک ئاشکرا بوو کە خێزانی بارمتەکان وێنەی شوێنی نەشتەرگەرییان لەسەر جەستەی منداڵەکانیان بە ڕۆژنامەنووسان نیشان دا. هەندێک لە خێزانەکان لەو بڕوایەدان کە منداڵەکانیان ناچار کراون لەبەرانبەر ئازادکردنیاندا دەستبەرداری ئەندامانی جەستەیان ببن. BBC ڕایگەیاندووە کە بەڵگە ڤیدیۆییەکان و شایەتحالی هەندێک لە ئازادکراوەکان، گومانی دەرهێنانی بەزۆری ئەندامانی جەستە بەهێزتر دەکەن.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، زیاتر لە ١١٠ بارمتەی ئازادکراو لە ڕێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕێکخرابوو، بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە. سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە کە هێشتا دەیان کەسی تر یان بێسەروشوێنن، یان بوونەتە قوربانیی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەوە.

News ID 227308

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha