بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەنەکە (KNK) لە هەڵسەنگاندنێکی نوێدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە ١٠ ساڵە مۆڵەتی پێدراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، بەڵام بەهۆی بەستنەوەی ڕاستەوخۆی بابەتەکە بە دۆخی ڕێبەر ئاپۆ و پرسی کوردەوە، هەمیشە بڕیارەکان دوا دەخات. قەرەسوو هاوکات ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئەورووپاش کرد و وتی: «کاتێک نۆرە دێتە سەر تورکیا، ئەورووپا پێوەرەکانی خۆی لەسەر بنەمای ماف و دادپەروەری پشتگوێ دەخات و شێوازی کاتکوشتنی تورکیا قبووڵ دەکات.»
سەبارەت بەو یاسا چوارچێوەییەی کە لە میدیاکانی نزیک لە ئاکەپەوە باس دەکرێت، قەرەسوو ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت لە جیاتی چارەسەری، شەڕێکی تایبەتی میدیایی بەڕێوە دەبات. ئەو جەختی کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسی ١٠٠ ساڵەی کورد، پێویستی بە یاسایەکی بنەڕەتی هەیە کە نکۆڵیکردن لەناو ببات، ڕێگە لەبەردەم سیاسەتی ئازاد بکاتەوە و کۆتایی بە گرتنی سیاسەتمەداران و دامەزراندنی قەیوم بهێنێت، نەک تەنیا چەمکی تەسفیەکردن و دانانی چەک بخاتە ڕوو.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، قەرەسوو ئیدانەی فشارەکانی سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد و ڕایگەیاند کە دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی دادوەرییەوە ئۆپۆزسیۆنێکی دەستەمۆ بەپێی ویستی خۆی دیزاین بکات.
هەروەها ئاماژەی بە ڕووداوی سوکایەتیکردنی "ڕەحمی کۆچ" بە ژنانی کورد کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە ڕووداوێکی سادە نییە، بەڵکو گوزارشت لە عەقڵییەتێکی ١٠٠ ساڵەی دژە کورد دەکات کە لە ڕێگەی سینەما و دراماکانیشەوە پەرەی پێدەدرێت. وتیشی: «ئەم هێرشانە نیشانەی گرێیەکی دەروونییە بەرانبەر بە پێشەنگایەتیی ژنانی کورد لە تێکۆشانی ئازادی و بزووتنەوەی ژناندا لەسەر ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.»
لە کۆتاییدا، سەبارەت بە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی کەنەکە (KNK)، قەرەسوو پاڵپشتیی خۆی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە پەکەکە توانیویەتی زەمینەی پارچەبوونی ناوچەیی لەناو ببات و یەکێتی لە نێوان هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەهێز بکات. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری سەرەکیی پەک نەکەوتنی یەکێتیی نەتەوەیی تا ئێستا، گەڕانەوەیە بۆ عەقڵییەتی کۆنی سەدەی ١٩ و مەیلی باڵادەستیی یەک لایەنە؛ بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە "یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتیک" لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی وەک خۆسەریی سۆران، بادینان، دێرسیم و هەورامان بێتە کایەوە.
Your Comment