کۆتایی دە ساڵ هەوڵی بێ ئاکامی ڕۆژئاوا بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە

ئەو بەرنامەیەی کە لە سەردەمی شەڕی داعشەوە دەستی پێکرد و ئامانجەکەی دروستکردنی هێزێکی پیشەگەر و ناپارتیزان (ناحزبی) بوو، ئێستا بەهۆی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێواری شکستی تەواوەتی دایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پڕۆژەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی ۱۰ ساڵ بوو بە پاڵپشتیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بەڕێوە دەچوو، ئێستا بە کردەیی لە لێواری شکستدایە. بڕیار بوو ئەم بەرنامەیە هێزەکانی سەر بە حزبە کوردییەکان بگۆڕێت بۆ هێزێکی نیشتمانی و ناحزبی، بەڵام لە بەردەم کەرت بوون و دابەشبوونی قووڵی سیاسیی نێوان دوو حزبە سەرەکەییەکەی هەرێمدا پەکى کەوت.

ڕاپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی Inkstick دەڵێت بەرنامەی چاکسازیی پێشمەرگە کە لە ساڵی ٢٠١٧وە بە پاڵپشتیی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا دەستی پێکرد، نەیتوانی بەسەر پێکهاتەی حزبی و ململانێی مێژوویی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK)دا زاڵ بێت. ئەم دوو حزبە هێشتا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری هێزە چەکدارەکانی خۆیان پاراستووە و ئامادە نین دەستبەرداری هەژموونی ئەمنی و سەربازیی خۆیان ببن.

پێشمەرگە کە هێزی فەرمیی سەربازیی هەرێمی کوردستانە و بەشێک لە پێکهاتەی ئەمنیی عێراق ئەژمار دەکرێت، لە شەڕی دژ بە داعشدا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا و هەزاران شەهید و برینداری دا. بەڵام ئەم هێزە هەمیشە بەدەست کێشەی پێکهاتەیییەوە ناڵاندوویەتی، لەوانە: فرەدەستی و لێکترازانی حزبی، گەندەڵی دارایی، دواکەوتنی مووچە، بوونی هێزگەلێک کە بە «بندیوار» ناسراون، و لاوازیی فەرماندەیییەکی یەکگرتوو.

بڕیار بوو بەرنامەی چاکسازییەکان لە ڕێگەی دروستکردنی پێکهاتەی هاوبەش، گواستنەوەی یەکەکانی حزب بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و پێکهێنانی لیوای ناوچەیی، هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو دروست بکات؛ ئامانجێک کە بۆ زۆرێک لە کوردەکان تەنیا پڕۆژەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە خەونی دامەزراندنی دامەزراوە نیشتمانییە سەربەخۆکان و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەرچی بە ڕواڵەت هەندێک یەکە خراونەتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا خەسڵەتە حزبییەکەی خۆیان پاراستووە. تەنانەت گۆڕینی ناوی یەکە بەناوبانگەکانی وەک «یەکەی ٨٠»ی سەر بە پارتی و «یەکەی ٧٠»ی سەر بە یەکێتی بۆ «فەرماندەیی ناوچەیی»، نەیتوانیوە پاشکۆیەتیی سیاسیی ئەم هێزانە لەناو ببات.

ئیسلام زێباری، شارەزای سەربازیی کورد، بە Inkstickی ڕاگەیاندووە:"پێکهێنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، داواکاری سەرەکیی گەلی کوردە، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوویداوە زیاتر شەرعیەتدانە بە هێزە حزبییەکان لە ناوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا."

هاوکات، ئەمریکاش بەتێپەڕبوونی کات پاڵپشتییە داراییەکانی خۆی کەم کردووەتەوە. ئەو بوودجەیەی بۆ پێشمەرگە تەرخان کرابوو لە ٤١٥ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٦دا، بۆ ٧٧ ملیۆن دۆلار لەمساڵدا کەم بووەتەوە و پێدانی هاوکاریی دارایی بۆ مووچەی هێزەکانیش ڕاگیراوە. تەنانەت ڕەشنووسی بوودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٧، پێشنیاری سڕینەوەی تەواوەتیی هاوکارییە ڕاستەوخۆکانی بۆ پێشمەرگە کردووە.

بڕیارە یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی پێبێت، و هاوکات هێزەکانی ئەمریکاش تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هەرێمی کوردستان و بنکەکانی دیکەی عێراق بەجێبهێڵن؛ ئەم گۆڕانکارییانەش دەکرێت ببنە کۆتاییەکی کردەیی بۆ پڕۆژەی چاکسازیی پێشمەرگە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە لە ئەگەری شکستی تەواوەتیی پرۆسەی یەکخستنەوەکە، حکوومەتی ناوەندیی عێراق ڕۆڵێکی دیارتر لە بەڕێوەبردن و دابینکردنی دارایی هێزەکانی پێشمەرگەدا دەگێڕێت؛ بابەتێک کە لە ڕوانگەی ڕەوتە ناسیۆنالیستە کوردییەکانەوە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەربەخۆیی بڕیاردانی ئەمنیی هەرێم.

«جوست هیڵتەرمان»، راوێژکاری گرووپی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان (ICG)، پێی وایە کە چاکسازییەکانی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەک بوو کە بە گوشار و پاڵپشتیی ڕۆژئاوا دەچووە پێشەوە، نەک بە ویستێکی ڕاستەقینەی ناوخۆیی. بە گوتەی ئەو، بە بڕینی پاڵپشتیی دەرەکی، ئەگەری کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەم پرۆسەیە زۆر بەرزە.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە شکستی پڕۆژەی چاکسازیی پێشمەرگە، تەنیا بەهۆی هەڵەی بەراوردکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەبووە دەربارەی قووڵایی ناڕێکخراوەیی و ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێم، بەڵکوو دەرەنجامی ناتوانیی سەرکردە کوردەکان بووە لە تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە حزبییەکان و دروستکردنی پێکهاتەیەکی سەربازیی نیشتمانیی هاوبەش.

News ID 227272

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha