بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایکڵ ڕۆبین، لێکۆڵەری ئەمریکی و یەکێک لە شارەزا ناسراوەکانی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری "ئامارجی" (Amargi)، هۆشداریدا لە شکستپێهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورداندا و جەختی کردەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چەشنە ویستێکی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە. ناوبراو سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکای بەرانبەر بە تورکیا و سووریا بە "گەندەڵ"، "خۆوێرانکەر" و پشتبەستوو بە بەرژەوەندیی دارایی کەسانی نزیک لە ئیدارەی ترامپ وەسف کرد.
ڕۆبین لەم چاوپێکەوتنەدا تیشکی خستە سەر بانگەوازەکەی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ڕایگەیاند کە تێگەیشتنی ئەردۆغان بۆ ئەم هەنگاوە تەواو هەڵە بووە. بە گوتەی ئەو, ئۆجەلان بە هێنانەپێشەوەی بابەتی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، لە ڕاستیدا دەیەویست دەستکەوتەکانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاوا) بپارێزرێن، بەڵام ئەردۆغان ئەمەی تەنیا وەک "سەرکەوتنێک" بۆ دەوڵەتی تورکیا لێکدایەوە، بەبێ ئەوەی ئامادە بێت هیچ ئیمتیازێکی بەرانبەر بە کورد بدات.
ئەم شرۆڤەکارە ئەمریکییە هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانەکان، چونکە وەک خۆی دەڵێت: «تورکیا قەت نەیتوانیوە کورد لە ڕووی سەربازییەوە بشکێنێت، لە بەرانبەریشدا کوردان لە داواکاری و مافەکانی خۆیان پاشەکشەیان نەکردووە.» ئەو دووپاتی کردەوە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا نەچێتە ناو پرۆسەیەکی ڕاستەقینە و واتاداری گفتوگۆوە، ئەوا ئەگەری گەڕانەوەی توندوتیژی زۆر جدی دەبێت.
ڕۆبین بە ئاماژەدان بە دانیشتنی گوێگرتنی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان ئازاد نەکرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزا و ناوزڕاندنەکانی سەر پەکەکە و هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لادەنێت، واشنتۆن ناتوانێت ڕۆڵێکی جێی متمانە وەک ناوبژیوان بگێڕێت. ئەو ڕوونیکردەوە: «ئەوە ئەردۆغان نییە کە دیاری دەکات کێ لایەنی دانوستانکار بێت، بەڵکو دەبێت کورد خۆیان نوێنەر و دانوستانکارەکانیان هەڵبژێرن.»
لە پەرەگرافێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو دەوڵەتی تورکیای بە نەبوونی ڕاستگۆیی سیاسی تۆمەتبار کرد و وتی نەک تەنیا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، بەڵکو تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش ئامادە نین ڕووبەڕووی ئەو "ڕەگەزپەرستییە ڕیشەدارە" ببنەوە کە لە وڵاتەکەدا هەیە. ڕۆبین ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئەمڕۆ هیچ سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزسیۆن یان کەمینەیەکی نەتەوەیی و ئاینی لە تورکیادا ئاسایشی نییە و هەمووان بوونەتە "ئامانج"ی دەسەڵات.
ئەم کارناسە ئەمریکییە سەرکوتکارییەکانی حکوومەتی ئەردۆغانی بەرانبەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک "کودەتا" وەسف کرد و داوای کرد ئەمریکا بە فەرمی تەنیا سەرکردایەتیی فەرمیی ئەم پارتە بناسێت. تەنانەت پێشنیازی ئەوەی کرد ئەگەر کەمال کڵچدارئۆغڵو لەسەر ویستی ئەردۆغان جارێکی تر سەرکردایەتیی پارتەکە بگرێتە دەست، دەبێت واشنتۆن سزای بەسەردا بسەپێنێت.
ڕۆبین لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرت، بەتایبەت ڕۆڵی "تۆم باراک"، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی ترامپ لە عراق و سووریا. ئەو وتی تورکیا "هیچ دۆستێکی نییە جگە لە تۆم باراک" و هۆکارەکەشی بۆ ئەو بەرژەوەندییە ئابووری و داراییانە گەڕاندەوە کە هەندێک کەس لە واشنتۆن لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لە ئەنقەرە بەدەستی دەهێنن. ئەو سیاسەتی ئێستای ئەمریکای بەرانبەر بە تورکیا بە "گەندەڵترین سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناوبرد کە نەک لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا، بەڵکو لەسەر بنەمای قازانجی دارایی بازنەیەکی نزیک لە دەسەڵاتی ترامپ داڕێژراوە.
ئەم لێکۆڵەرە ئەمریکییە ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریاش گرت و وتی واشنتۆن لە کاتێکدا باس لە "لێبوردەیی" و "پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان" دەکات، کە هاوکات پشتگیری لەو گرووپانە دەکات کە "ژنانی کوردیان لە سەربانی خانووەکانەوە فڕێدەدایە خوارەوە". ئەو بە ئاماژەدانێکی ناڕاستەوخۆ بە هێزە ئیسلامییەکانی ژێر سێبەری تورکیا لە سووریا وتی: «تۆ ناتوانیت قاتی پۆشاک بکەیتە بەری ئەندامێکی قاعیدە و چاوەڕوان بیت کتوپڕ ببێتە کەسێکی لیبرال یان پێشکەوتنخواز.»
ڕۆبین هەروەها لێدوانەکانی تۆم باراک دەربارەی مێژووی ناوچەکە و بەرگریکردنی لە تێڕوانینی "نوێی عوسمانی" بە "شێواندنی مێژوو" ناوبرد. ئەو وتی ئەو گێڕانەوانەی دەڵێن تورکیا، سووریا و عێراق «هەمیشە یەکەیەکی سیاسی و جوگرافیی سروشتی بوون»، ڕەنگدانەوەی گوتاری نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورکیایە، لە کاتێکدا ئەو گەلانەی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، ئەزموون و یادەوەرییەکی تەواو جیاوازیان لە چاو تورکەکاندا هەیە.
لە کۆتاییدا، ناوبراو پێشبینی کرد کە دوای کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ، سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە تورکیا و کوردان دەگۆڕێت، چونکە سیاسەتی ئێستا لە خزمەت ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆبین هۆشداریی دا کە بنیاتنانەوەی متمانەی لەدەستچووی کورد بە ئەمریکا زۆر دژوار دەبێت؛ چونکە واشنتۆن لە ساڵانی ڕابردوودا "بە ئەنقەست" ئەو متمانەیەی لاواز کردووە.
Your Comment