ئەم ڕۆژنامەنووس و توێژەرە گێڵانغەربییە دانیشتووی کرماشان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری کوردپرێس ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین ساڵی لە تەمەنی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە تەرخان کردووە و وتی: "ئەم کارە زیاتر لە هەر شتێک، ناسنامەیەکی ئەکادیمی و زانکۆیی هەیە؛ بەشێکی گرنگی بۆ توێژینەوەیەکی زانکۆیی لە قۆناغی (دکتۆرا) ئامادە کرا، لە کۆتاییدا بەو گۆڕانکارییانەی کە لە بواری کولتووری و ئەدەبیی جێی باسدا هاتنە ئاراوە و دەرەنجامی نوێکاری و پێداچوونەوە بوون، لە قاڵبی پەڕتووکێکی سەربەخۆدا دەگاتە دەست خوێنەران و خولیاوانانی ئەدەب."

ناوبراو لە کاتی چاوخشاندنێکی خێرا بەو بابەتانەی لە پەرتووکەکەدا هاتوون، درێژەی پێدا: "ڕەوتە نوێخوازە ئەدەبییەکان لە لقەکانی دیکەی زمانی کوردیدا، کەم تا زۆر هاوکات لەگەڵ شەپۆلەکانی نوێخوازی لە نێوان زمانە باوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانە تورکی، عەرەبی و فارسی تووشی گۆڕانکاری بوون، بەڵام تیشکی ئەم ڕووداوە ڕەوتسازە نوێیانە بە جیاوازییەکی کاتیی بەرچاوەوە بەسەر پانتاییی کوردیی باشووریدا کێشرا، کە هۆکارەکانی ئەمەش لە دەقی ئەم پەڕتووکەدا ڕوون کراونەتەوە و شیکارییان بۆ کراوە."
ئەم مامۆستایەی زانکۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم بەرهەمە لە توێژینەوەیەکی ئاساییی خوێندکاری تێپەڕیوە، زیادی کرد: "نووسەر بە 'ڕوانینێک لە ناوەوە' بۆ ڕەوتە نوێخوازەکان، توانیویەتی زۆربەی بەشە دیار و شاراوەکان سەرلەنوێ وێنا بکاتەوە. بەم هۆیەشەوە، ئەم بەرهەمە دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ توێژەرانی گەنج لە بوارەکانی زمان، کولتوور و ئەدەبی کوردیی باشووریدا ئەژمار بکرێت."

شایانی باسە ئەم پەرتووکە یازدەهەمین بەرهەمی جەلیل ئاهەنگەرنژاد و دووەمین بەرهەمی توێژینەوەی ئەوە لە بواری ئەدەبیاتی هاوچەرخی جوگرافیای زمانیی کوردیی باشووریدا. کتێبی «ڕێگەی کاوە» لە نووسینی ئەم نووسەرە، لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا وەک "کتێبی ساڵی کرماشان" لە بەشی توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیدا هەڵبژێردرا. ناوبراو خاوەنی چەندین کۆمەڵە شیعرە بە دوو زمانی کوردی و فارسی، لەوانە: نرمەواران، ڕووژ، تەم، لەش شەشم، وەفرینەگان، ئا، تانی ئەو ڕۆژانەی نەهاتوون، خەوەکانی خانەقین و... هتد کە پێشتر بڵاوکراونەتەوە.
Your Comment