بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایگەیاند سەدان ئاوارەی عێراقی لە کەمپێکی حەمام عەلیل بە زۆر بۆ شوێنەکانیان دەگەڕێندرێنەوە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "هەموو ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە لەوەی ئازادن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، جگە لەو کەسانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، کە ئەوانیش بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".
دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەش کرد هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بە زۆر ناگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان، رێگریش نین لە گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام بەشێک لەو گوندانەی خەڵکەکەی ئاوارە بوون، دەکەونە هێڵەکانی پێشەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست وەک؛ ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا، ئێستا گەڕانەوەیان ئەستەمە".
زێباری باسیشی لەوەکرد "ژمارەیێکی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە هەن و بۆ رەوشی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە مەترسییان ناوەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیێکی داهات بۆ ژیان یەکێک لە سەرەکیترین رێگرییەکانە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان".
بەپێی راپۆرت و داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکوو ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و شەشسەد هەزار ئاوارە نەگەڕاوەنەتەوە زێدی خۆیان، ژمارەیێکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەوەش بارگرانییێکی زۆری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە 28-8-2019 رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسی توێژینەوەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند؛ بەسەدان ئاوارەی عێراقی لە کەمپێکی حەمام عەلیل بە زۆر بۆ شوێنەکانیان لە حەویجە دەگەڕێندرێنەوە، لەگەڵ بوونی مەترسییە ئەمنییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەو شوێنانەدا.
لە تەلەفیزیۆنی ڕووداو وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment