عادل عه‌بدولمه‌هدى: تۆمه‌تبارانی هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی به‌حره‌ین له‌ به‌غدا به‌ره‌وڕووی یاسا ده‌بنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ تۆمه‌تبارانی هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی به‌حرین له‌ به‌غدا به‌ره‌وڕووی یاسا ده‌بنه‌وه‌ و په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کرێته‌وه‌.

کوردپرێس:

ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2ی ته‌مووزی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ پرێس کۆنفڕانسی هه‌فتانه‌ی خۆیدا ڕای‌گه‌یاند: "دادگاى عێراقى له ‌ئێستادا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ 54 تۆمه‌تى هه‌ڵكوتانه ‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى به‌حره‌ین له‌ به‌غدا ده‌كات و هه‌موو شتێكیش به‌پێى یاسا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. هه‌روه‌ها تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌و لایه‌نه‌یان دیارى نه‌كردووه‌ كه‌ له ‌پشت هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌وه‌ بوون و هه‌موو ئه‌وه‌ى باس ده‌كرێت ناڕاسته‌".

ناوبراو سه‌باره‌ت به ‌كارى كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ عێراق و بوونى مه‌ترسى له‌سه‌ریان وتى: "سه‌رجه‌م كۆمپانیا بیانییه‌كان له ‌عێراقدا كار ده‌كه‌ن و به‌ شێوه‌یێكى ئارام له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و هیچ خروقاتێكى ئه‌منیی ڕاسته‌قینه‌ دژی هیچ دامه‌زراوه‌یێک ڕووی نه‌داوه‌ ".

عه‌بدولمه‌هدی له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێک بابه‌ت کرد له‌وان: ڕێککه‌وتنی نێوان عێراق و سعوودیه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستێکی یه‌کده‌نگ له‌ ڕێکخراوی وڵاتانی ناردنکاری نه‌وت (ئۆپێک)، پاراستنی سه‌قامگیریی بازاڕی جیهانیی نه‌وت و درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی که‌م‌کردنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هاوپه‌یوه‌ند به‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ کاتی ئه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ مافی ئه‌وان وه‌ک هێزێکی سه‌رکه‌وتوو به‌ سه‌ر داعش ده‌سته‌به‌ر بکرێت و دۆخی ئه‌منیی وڵاتیش سامانی پێبدرێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ کۆتاییدا سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ره‌کانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناو هێزی ئه‌منیی عێراق جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی فه‌رمیی سه‌ربازیدا ئه‌نجام ده‌درێت و ته‌نها ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ پله‌ی سه‌ربازیی فه‌رمییان هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64732

Your Comment

You are replying to: .
captcha