بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەمیانی کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوە بە مەبەستی ئامادە کردنی نەخشەڕێگایێک بۆ وەرزی یاسادانانی بەهارەی 2021، ساڵی سێیەمی بەستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی نەخشەرێگایێک دابنێین کە لە هەرێم لە قەیرانێکی قووڵداین و بتوانین بە یاسا ئەو قەیرانانە چارەسەربکەین و پێکهاتەیێکی هاوبەش لە هەردوو فراکسیۆن پێکبهێنین و بەهاوکاری هەردوو حزبی پارتی، گۆڕان بتوانین ئەو یاسایانە بهێنینە پەرلەمان کە رەهەندی یاسایی و دەستوریان هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی رێککەوتن کە پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا دەستور تێبپەڕێنرێت و هەرێمی کوردستان بکەنە خاوەنی دەستورێکی هەیشەیی، هەروەها بڕیاردا کە پەرلەمان چالاکتربکرێت.
گوڵستان سەعید باسی لەوەش کرد، "لەسەرەتای دەستبەکاربونی ئەم کابینەیەدا داوامان کردوە کە ئەو وەزارەتە دەبێت پڕبکرێتەوە و دەبێت گۆڕانکاریەک لە جۆری وەزیرەکەدا بکرێت، ئەم کاندیدەی هاتوەتە پەرلەمان خاوەنی ئەزمون و پسپۆڕی تایبەتی خۆیەتی لە بواری نەوتدا بۆیە ئێمە بە گرنگی دەزانین گۆڕانکاری لەم پۆستەدا بکرێت، بەگرنگی دەزانین ئەم وەزیرە بەرپرسیارێتی لەو ئاستەدا هەڵبگرێت کە بتوانێت ئەو چاکسازیانە بکات لە بواری نەوت و دۆسیەی نەوت بخاتە سەر ئاڕاستەی خۆی".
لەبارەی دەنگدان بە کاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەکان، گوڵستان سەعید وتی، "هەر 12 پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئاگادارکراونەتەوە کە دەنگ بدەن بە کاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەکان و پابەندی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕانن بن، هەرکەسێک پابەندنەبێت بە دەنگدان بەو کاندیدە واتا پابەند نابێت بە گۆڕان و بەو رێککەوتننامەیە گۆڕان لەسەرەتای دەستبەکاربونی ئەم کابینەیە لەگەڵ پارتی لەسەری رێککەوتووە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment