بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئاداری 2022، نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییەکی سەرۆکی هاوپەیمانێییەکە بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعوود بارزانییەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: حەیدەر عەبادی لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە مەسعوود بارزانییەوە کردووە و لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و داخرانی سیاسییەوە قسەیان کردووە، هەروەها جەختکراوەتەوە لەسەر رەتکردنەوەی رەهای ئەو هێرشەی کرایە سەر هەولێر.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە عێراقییەکانیش پابەندبن بە دراوسێیەتی باش و رێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەیان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەپێی ئەوەی دەستووری عێراق بڕیاری داوە".
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ئەوەش هاتووە: "باس لە خۆڕاگری و بەشداریی هەولێر لەگەڵ سەرجەم عێراقییەکان بەخوێن و قوربانیدان لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش کراوە".
لەبارەی دۆخی سیاسییشەوە، لەراگەیێنراوەکەدا ئەوە هاتووە: "باس لە رێگەکانی هاوئاهەنگی و هەوڵدانی زیاتر کراوە لەپێناو چارەسەرکردنی داخرانی سیاسی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک ناکات و زیان بە گەشەپێدانی ئابووری دەگەیێنێت، هەروەها جەختکراوەتەوە لە پڕەنسیپی هاوبەشیی نیشتمانی لەبەڕێوەبردنی وڵات و سەرچاوەکانی لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بەبێ جیاکاری".
Your Comment