هەواڵی دژبەیەک لەبارەی بەشداری نەکردنی وەزیری دارایی لە حکوومەتی هەرێم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشە و مۆڵەتی وەرگرتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "ئەوەندەی من ئاگاداربم، کاک ئاوات باری تەندروستیی باش نییە و مۆڵەتی وەرگرتووە."

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی 3ی ئەم مانگە، عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پەیامێکدا بۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، رایگەیاندبوو "زانیاریم هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌ت ده‌وام ناکه‌ى، په‌یامیشت بۆ جڤاتى نیشتیمانى ناردووه‌ و داوات کردووه‌ یه‌کێکى دیکه‌ له‌ شوێنه‌که‌ت دابنێن."

ناوبراو داوای لە وەزیری دارایی کردبوو "هۆکاره‌کانى هەڵوێست وه‌رگرتنه‌که"ی بۆ خه‌ڵک روون بکاتەوە.

هەمان رۆژ 3/3/2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "وەزیری دارایی کە لە بزووتنەوەی گۆڕانە دەزانێت داهاتی نەوت چەندە‌و چەندی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە."

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم راشیگەیاندبوو "داوا لە وەزیرى دارایی دەکەم روونکردنەوە بدات کە بۆچى داهاتى بەشێک لە خاڵە سنورییەکان ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت تا بۆ دابەشکردنى موچە بەکاربهێنرێت."

هەر ئەو رۆژە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە وەڵامی سەرۆکی حکومەتدا سەبارەت بە داهاتی نەوت لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیای رەسمی گۆڕان راگەیاندبوو "ئێمە ئاگاداری راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت و ئەو (350) ملیۆن دۆلارەین کە دێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

بەڵام وەزیری دارایی و ئابوری حکوومەتی هەرێم لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیای رەسمی گۆڕان هیچ رونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەوە نەدابو کە "بۆچى داهاتى بەشێک لە خاڵە سنورییەکان ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت تا بۆ دابەشکردنى موچە بەکاربهێنرێت" وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت رایگەیاندبوو و داوای رونکردنەوەی لەوبارەیەوە لێکردبوو.

News Code 5369

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha