بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو لووتكهیەدا، کە ڕۆژی پێنجشەممە 24ی شوباتی 2022 بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و کاژێرێک و 50 خولەک بەردەوام بووە، گفتوگۆ لەبارەی دەستوەردانی سەربازیی رووسیا لە ئۆکراینا کرا.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، لە لووتکەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەر یەک لە فوئاد یۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری، سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ، یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپا، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری-میت، فەخرەددین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، حەسەن دۆغان، خامەی تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەچووە ئاماژه بهوهدراوە هێرشی رووسیا بۆ سهر ئۆكراینا پێشێل كردنی یاسا نێودهوڵهتییهکانە و قبووڵكراو نییه، هەروەها جەخت لە پاڵپشتیی تورکیا بۆ یەکڕیزیی سیاسی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا کراوەتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا گرت و گوتی هێرشەکە گورزێکی سەختبوو بەر ئاشتی کەوت.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا "جێگەی قبوڵکردن نییە و گوتی: "دەمەوێ بەوە دەستپێبکەم بڵێم ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەم بەیانییە بۆ سەر خاکی ئۆکراینا جێگەی قبوڵکردن نییە و رەتیدەکەینەوە. ئەم هەنگاوە کە ئێمە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی دەبینین، گورزێکی گەورە بوو بەر ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەوت".
شایانی باسە مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بەهۆی سەردانەکەی بۆ کازاخستان، بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد.
Your Comment