تورکیا ئامادەیە بۆ هێور کردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاشتی لە ئۆکراینا کار بکات

بەشی تورکیا- سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کرد و پێیڕاگەیاند تورکیا دان بەو هەنگاوەی مۆسکۆدا نانێت لەبارەی داننان بە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی دونێتسک و لوهانسک لە هەرێمی دۆنباسی ئۆکراینا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوێکی سه‌رۆکایه‌تیی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا هاتووە: له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا تاوتوێی پرسی رووسیا-ئۆکراینا کراوه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان تیشکی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ گرنگی زۆری داوه‌ به‌و دیالۆگه‌ی‌ له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پووتین دەیکات و جه‌ختی له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ ئه‌نجامی ئه‌رێنی ئه‌مه‌یان بینیوه و سووره‌ له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌و تێگه‌یشتنه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان باسی له‌وه‌ کردووه‌‌: "دان به‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ پێشێلی سه‌روه‌ریی و یه‌کپارچه‌یی خاکی ئۆکراینا ده‌کات، نانێن" و ئه‌مه‌شی به‌ هه‌ڵوێستێی بنچینەیی ناوبردووه‌ و به‌ گرنگی زانیوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێککه‌وتنه‌کانی مینسک به‌ ئه‌نجامێک بگه‌ن.

ئه‌ردۆغان له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ پووتین، جه‌ختی له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ ئاڵۆزتربوونی کێشه‌که‌ ئه‌گه‌ر بگاته‌ پێکدادانی سه‌ربازی، سوودی بۆ هیچ که‌سێک نابێت و هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ گرنگی به‌ درێژه‌دان به‌ کۆبوونه‌وه‌ دیپلۆماتی و دیداره‌کان ده‌ده‌ن، ئه‌مڕۆش هاوشێوه‌ی دوێنێ، تورکیا ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌وه‌ی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی له‌پێناو که‌مکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان و پاراستنی ئاشتی.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ی به‌رێگه‌ی دیالۆگ کردووه‌ و باسی له‌وه‌ کردووه‌ ئه‌وله‌ویه‌تدان به‌ دیپلۆماسیی سوودی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی ناتۆدا درێژه‌ به‌ هه‌ڵوێستی بونیاتنه‌رانه‌ ده‌ده‌ن.

News Code 5211

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha