حکوومەتی ھەرێم: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ لەبارەی نەوتی هەرێم نادادپەروەرانە و نادەستورییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵی عێراقی له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و گاز به‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ و ناده‌ستووری ناوبرد و دووپاتیكرده‌وه‌، دەستبەرداری مافەکانمان نابین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس؛ ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدارڵی عێراق بەم شێوەیە:

هەرێمی کوردستانی عێراق لە روانگەی باوەڕبوونی بە دەستوری عێراقی فیدڕاڵ ساڵی 2005، کە لە ماددەی 117دا دانیناوە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی بە سەرجەم دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەوە، و دەسەڵاتەکان دابەشکران لە نێوان دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان وهەرێمەکان و لە دەستووری عێراق جێگیرکرا کە بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەسری حکوومەتی فیدراڵی نیە بە پێی ماددەی 112ی دەستور و ئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، و لە ڕوانگەی کاری پێکەوەیی لەم بوارەدا کە لە مادەی 112ی دەستوردا هاتووە هەرێمی کوردستان هەنگاوی نا بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی یاسایەک دەربکات بۆ نەوت وگاز کە ڕەشنووسەکەشی ئامادەکرا و پەسەندکرا لەلایەن هەردوولاوە لە شوباتی ساڵی 2007 و لە کۆنووسی ئامادەکردنی رەشنووسەکەشدا هاتووە هەردوولا رێکەوتن ئەگەر لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا پرۆژە یاساکە دەرنەچووێندرا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو داڕشتنەی کە هەردوولا پەسەندیان کردبوو ئەوا هەردوو حکومەت سەرپشکن لە پەرەپێدانی سێکتەری نەوت وگاز .

لەبەر ئەوەی ڕەشنووسە هاوبەشەکە یەک لایەنە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە گۆڕانکاری جەوهەری تێدا کرا بەبێ هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک پڕۆژەکە خاڵیکرایەوە لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، بۆیە پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەستورییەکان یاسای نەوت و گازی هەرێمی تەشریع کرد و لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێ ئەم یاسایە، کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی دونیا بە سەرمایەی گەورە وەبەرهێنانیان لەم بوارە کرد بۆ گەڕان بەدوای نەوت و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان دوای دۆزینەوەی نەوت.

لە دوای بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە شوباتی ساڵی 2014 یەکلایەنە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە و پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوەی بکات، و لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەرێم بۆ قەیرانێکی دارایی گەورە لە مانگی ئایاری 2014 نەوتی هەرێم هەناردە کرا بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەو کاتەشەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە گفتوگۆکردن بۆ گرتنەبەری رێکاری دەستوری هاوبەش، لە دوایین وێستگەشدا هەردوولا لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵدا لە ساڵی 2021 رێکەوتن کە هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەیە، و داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمیش رۆژانە بدرێتەوە بە حکوومەتی فیدراڵی، لە هەمانکاتدا هەر دوولا لێکتێگەشتنێکی هاوبەشیان هەبوو بۆ داڕشتنی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە پشتبەستن بە ماددەی 112ی دەستور ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان باوەری بە کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی هەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.

لە کاتێکدا دەبوو هەموو لایەنەکان پاڵپشتی ئەو کەشە ئەرێنییەیان بکردایە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ بڕیارێکی دەرکرد بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان بە پشتبەستن بە یاسا مەرکەزییەکانی رژێمی بەعسی پێشوو کە ناکۆکن لەگەڵ بنەماکانی فیدڕاڵیەتدا، و ئەرکی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانیشە ئەو یاسا مەرکەزییانە لە دوای ساڵی 2005ەوە هەڵبوەشێننەوە لە ناویشیاندا یاسای وەزارەتی نەوتی ژمارە 101ی ساڵی 1976، سەرەرای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چەندین سەرپێچی یاسایی و رێکاری دادبینی تێدایە وەکو یەکخستنی دوو داوای جیاواز بەبێ بوونی بنەمای یاسایی.

بۆیە ئەم بڕیارە ئەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە

لەبەر رۆشنایی ئەو راستییانەی سەرەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر:

1. ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە.

2. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد و هەوڵیدا کە ئەم داوایە دوابخرێت و دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی داهاتوودا ڕێکبکەوێت.

3. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی دەستوری و یاسایی و دادوەری دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون.

News Code 5109

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha